بە بڕی (١,٥ ملیۆن یۆرۆ) پڕۆژەیەک بۆ ژنان و کچانی ڕزگاربووی توندوتیژيی سێکسی واژۆ کرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئهمڕۆ پێنجشهممه 14ی نیسانی 2022 د. خانزاد ئهحمهد ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، به ئامادهبوونی نوێنهری ئهنجوومهنی دادوهریى و وهزارهتهكانی ناوخۆ، كارو كاروباری كۆمهڵایهتی، داد - سهرۆكایهتی داواكاری گشتى، پرێس كۆنفرانسێك ئهنجامدرا دهربارهی واژۆکردنی پڕۆژەی "باشتربوونی دەستپێڕاگەیشتن، سەلامەتی، پاراستن و خۆشبەختی ژنان و کچانی رزگاربووی توندوتیژی سێکسی و جێندەری لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەهێزکردنی سیستەمی وەڵامدانەوە" كه به هاوكاری حکومەتی ئیتاڵیا و دامەزراوەی ئیتاڵی بۆ هەماهەنگی و گەشەپێدان و ئاژانسهكانی نهتهوه یهكگرتووهكان له ماوهی 18 مانگدا، به گوژمهی 1.5 ملیۆن یۆرۆ، ئهنجام دهدرێت.
سهرهتا د. خانزاد ئهحمهد گوتی: ئهمڕۆ 14ی 4ی 2022 لە سی و چوارەمین ساڵیادی شاڵاوەکانی جینۆسایدی ئەنفالدا،بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدان و قوربانییانی ئەو تاوانە دڕندانەیەی ڕژێمی بەعسی عێراق دەکەینەوە و بۆ هەمیشەش لە یادمانن و لەم یادە خەمناکەدا، جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە، پێویستە حکومەتی عێراق، بەپێی دەستوور، ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و هەروەها قوربانییان و زیانلێکەوتووانی شاڵاوەکانی ئەنفال و هەموو تاوانەکانی جەنگ و ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە بەرامبەر خەڵکی کوردستان کراون، جێبەجێ بکات.
ئاماژهی بۆ ئهوه كرد:
بەر لەسەرهەڵدانی گرووپی تیرۆریستی داعش، هەرێمی کوردستان هەر لە ساڵی ٢٠١٢-٢٠١٣ ببووە پەناگەیەکی ئارام بۆ نزیکەی ٣٠٠،٠٠٠ ئاوارەی سووریا. لە دوای هێرشی داعش، ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی ناوخۆیی (نزیکەی ٢ ملیۆن) لەپارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە روویان لە هەرێمی کوردستان کرد و بەشێکیان لە کەمپەکان و بەشێکی دیکەیان لەناو کۆمەڵگەی خانەخوێ جێی خۆیان کردەوە و تاک و خێزانی خۆیان لە هێرشی دڕندانەی داعش پاراست. هەر بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی ژێرخانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت، دامەزراوە وەڵامدەرەکان کەوتنە ژێر گوشارێکی زۆر و سەرەڕای ئەو گوشارە زۆرەش توانیان بە یارمەتی خەڵکی کوردستان و وڵاتانی کۆمەکبەخش خزمەتگوزارییە زەروورییەکانی ژیان بۆ ئەو ژمارە زۆرە ئاوارەیە دابین بکەن. لێرەدا شایەنی ئەوەیە، من سوپاسی خەڵکی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان بکەم کە بەبێ یارمەتی ئەوان، زەحمەت بوو حکومەتی هەرێم بە تەنیا بتوانێت وەڵامدەرەوەی کۆی پێداویستییەکانی ئاوارە ناوخۆییەکان بێت. بۆیە تاڕادەیەکی زۆر پرسی گەشەپێدان و بە دامەزراوەییکردن و پێشخستنی سیستەمی پێشگرتن و وەڵامدانەوەی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم، پێشخستنی توانای تەکنیکی ستاف، بەشێوەیەکی کاتی تا راددەیەکی زۆر سستبوونی بەخۆیەوە بینی.
ههروهها ئهمینداری گشتی ئهنجوومهنی باڵای خانمان ئاماژهی بۆ ئهوه كرد كه:
واژۆکردنی پرۆژەی "باشتربوونی دەستپێڕاگەیشتن، سەلامەتی، پاراستن و خۆشبەختی ژنان و کچانی ڕزگاربووی توندوتیژی سێکسی و جێندەری لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەهێزکردنی سیستەمی وەڵامدانەوە" لە کاتێکی گونجاودا هاتووەتە ئاراوە و دەتوانێت وەڵامدەرەوەی بەشێک لە پێداویستییەکانی حکومەتی هەرێم بێت لەم بوارەدا.
كه کۆی گشتی بودجەکە نزیکەی ١,٥ ملیۆن یۆرۆیە و ماوەی جێبەجێکردنیشی ١٨ مانگە. ئەم پڕۆژەیە لەلایەن دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمەوە جێبەجێ دەکرێت و ٢٠،٠٠٠ ژن و کچی ڕزگاربووی توندوتیژییەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و نزیکەی ١١٠،٠٠٠ ئەندامانی خێزانەکان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ سوودمەند دەبن. هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا، ٥٣٥، ستافی وەزارەتەکان لەم پڕۆژەیە سوودمەند دەبن.
بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی هەر دوو دامەزراوەی یو ئێن ئێف پی و یوئێن ومەنی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان بکەم بۆ پێشخستنی ئەم هاوبەشییە ستراتیجیکە لەگەڵ دامەزراوە حکوومییەکان بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتر بە ژنان و کچان.
ئاماژهی بۆ ئهوهش كرد كه حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە ڕیشەکێشکردنی توندوتیژی ڕەگەزیی لە ڕێگەی بەهێزکردنی توانا دامەزراوەییەکان لە پێناو بەرزکردنەوە و باشترکردنی وەڵامدانەوەی سێکتەرە جیاوازەکان بۆ چەسپاندنی ئەجێندای یەکسانی ڕەگەزی.
ههروهها گوتی: بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سوپاسی گەل و حکومەتی ئیتاڵیاو دامەزراوەی ئیتاڵی بۆ هەماهەنگی و گەشەپێدان، دەکەم بۆ یارمەتییە بەردەوامەکانی بۆ خەڵک و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت بۆ ژنان و کچانی قوربانی توندوتیژییە جێندەرییەکان، لە ڕێگەی بووژاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و بەهێزکردنی دامەزراوەکان لە پێناو کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرە توندوتیژییەک لە دژی ژنان.