پڕۆژەی "باشتربوونی دەستپێڕاگەیشتن، سەلامەتی، پاراستن و خۆشبەختی ژنان و کچانی ڕزگاربووی توندوتیژی سێکسی و جێندەری لە هەرێمی کوردستان " واژۆ كرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە ئاماده‌بوونی د. خانزاد ئه‌حمه‌د ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و د. یوسرا كه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی تواناسازیی ئافره‌تان له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە بەغداد، نوێنه‌ری ئاژانسه‌كانی (UN-Women) و(UNFPA)، ڕێوڕه‌سمی واژۆكردنی پڕۆژەی "باشتربوونی دەستپێڕاگەیشتن، سەلامەتی، پاراستن و خۆشبەختی ژنان و کچانی ڕزگاربووی توندوتیژی سێکسی و جێندەری لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەهێزکردنی سیستەمی وەڵامدانەوە" له به‌غداد به‌ڕێوه چوو.
له وته‌یه‌كدا له ڕێوڕه‌سمی واژۆكردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌دا، د. خانزاد ئه‌حمه‌د گوتی: ئه‌م ڕێوڕه‌سمه لە کاتێکی گونجاو‌دا هاتووەتە ئاراوە و دەتوانێت وەڵامدەرەوەی بەشێک لە پێداویستییەکانی حکومەتی هەرێم بێت لەم بوارەدا.
لێرەدا بەپێویستی دەزانم سوپاسی هەردوو دامەزراوەی ی‌و ئێن ئێف پی و یوئێن ومەنی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بکەم بۆ پێشخستنی ئەم هاوبەشییە ستراتیژییه لەگەڵ دامەزراوە حکومییەکان بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتر بە ژنان و کچان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە ڕیشەکێشکردنی توندوتیژی ڕەگەزی لە ڕێگەی بە هێزکردنی توانا دامەزراوەییەکان لە پێناو بەرزکردنەوە و باشترکردنی وەڵامدانەوەی سێکتەرە جیاوازەکان بۆ چەسپاندنی ئەجێندای یەکسانی ڕەگەزی. هه‌روه‌ها بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی گەل و حکومەتی ئیتاڵیا و دامەزراوەی ئیتاڵی بۆ هەماهەنگی و گەشەپێدان دەکەین بۆ یارمەتییە بەردەوامەکانی بۆ خەڵک و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت بۆ ژنان و کچانی قوربانی توندوتیژییە جێندەرییەکان، لە ڕێگەی بووژاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و بەهێزکردنی دامەزراوەکان لەپێناو کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرە توندوتیژییەک.