وەزارەتی خوێندنی باڵا و ئەنجوومەنی باڵای خانمان هەماهەنگی لەبارەی یەکسانیی جێندەری دەکەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- به‌مه‌به‌ستی هه‌ماهه‌نگی و پتەوکردنى پەیوەندییەکان و پیادەکردنى ستراتیژیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان تایبه‌ت به یەکسانىی جۆری كۆمه‌ڵایه‌تی، چوارشه‌ممه 27ی ته‌مموزی 2022، د. خانزاد ئەحمەد ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، به یاوه‌ری شاندێكی ئه‌نجوومه‌ن، سه‌ردانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی كرد؛ له‌لایه‌ن د. عه‌بدولفه‌تاح عه‌بدولڕه‌زاق بریكاری وەزارەت پێشوازی لێكرا.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شدا، گفتوگۆ ده‌رباره‌ی چۆنییەتى جێبەجێکردنى ستراتیژیى کابینەى نۆیەمى حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به یەکسانىی جۆری كۆمه‌ڵایه‌تی و گەشەپێدانى تواناکانی خانمان کرا.
د. خانزاد ئه‌حمه‌د، ئاماژه‌ی بۆ گرنگی ڕۆڵى وەزارەتى خوێندنى باڵا کرد، بەتایبەت لە دیاریکردنى شێوازه‌كانی گەشەپێدانى تواناكانى خانمان و، دەستنیشانکردنى کێشەکانى یەکسانى جێندەریى و پێشنیارکردنى ڕێگەچاره‌ی گونجاو، لە ڕێگەى لێكۆڵینه‌وه و توێژینەوەى زانستییه‌وه.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه بریكاری وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەگرنگییەوە باسى لە پاڵپشتی و ڕاسپاردە بەردەوامەکانى سەرۆک و جێگرى سەرۆکى حکوومەت کرد بۆ پیادەکردنى یەکسانى جۆری كۆمه‌ڵایه‌تی و گەشەپێدانى تواناکانی خانمان لە کاروبارى خوێندنى باڵادا، دووپاتیشی كرده‌وه "لە ئێستادا خانمان سەرۆکایەتىی چوار زانکۆ دەکەن.
هه‌روه‌ها گوتی "لە هەمانکاتدا لە ئاستى بەڕێوەبەرى گشتى و یاریدەدەر و ڕاگرى کۆلێژەکان هەوڵدەدەین بوونی خانمان لە پۆستەکان زیاتر بکەین."