Skip to the content

ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان و سه‌رۆكی یه‌كێتی مامۆستایان چه‌ندین پرسیان تاوتوێ کرد

ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان و سه‌رۆكی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان چه‌ندین پرسی په‌یوه‌ست به‌ بواره‌كانی په‌روه‌رده ‌و ڕۆلی ئافره‌تان له‌ پرۆسه‌ی خوێندندا تاوتوێ کرد.
 
د.خانزاد ئه‌حمه‌د، ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان و گه‌شه‌پێدان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ شاندێكی باڵای یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان كرد، كه‌ پێكهاتبوو له‌ ئه‌حمه‌د گه‌رمیانی، سه‌رۆكی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان، حه‌سیبه‌ مسته‌فا و ئاودێر مه‌ربین حه‌ننا ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سكرتاریه‌ت. 
له‌ دیدارێكدا مامۆستا ئه‌حمه‌د گه‌رمیانی، پوخته‌یه‌ك له‌ كاروچالاكییه‌كانی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستانی خسته‌ڕوو كه‌ زیاتر له‌ ١٧٠ هه‌زار ئه‌ندامیان هه‌یه، له‌ مامۆستایانی بنه‌ڕه‌تی و دواناوه‌ندی و پیشه‌یی و خوێندنی باڵا پێكهاتوون، ئێستا ئاماده‌كاری ده‌كرێت بۆ ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ی یه‌كێتییه‌كه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستاندا.
سه‌رۆكی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، یه‌كێتییه‌كه‌یان له‌ چه‌ندین كۆڕبه‌ند و فیدراسیۆنی په‌روه‌رده‌یی له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ و جیهاندا ئه‌ندامه ‌و ڕۆلێكی كارای هه‌یه‌ بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی مامۆستایانی كوردستان به‌ جیهان و بایه‌خێكی به‌رچاو به‌ ڕۆل و پێگه‌ی مامۆستایانی ئافره‌ت ده‌درێت له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ د.خانزاد ئه‌حمه‌د ڕۆلی مامۆستایانی كوردستانی له‌ قۆناغه‌ جیاجیاكانی خه‌باتی گه‌لی كوردستان به‌سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانییه‌وه‌ به‌رزنرخاند، ده‌ستخۆشی له‌ یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان كرد كه‌ بایه‌خێكی به‌رچاو به‌ ڕۆل و پێگه‌ی خانمان ده‌درێت له‌ یه‌كێتییه‌كه‌و به‌نیازن له‌ ئاینده‌دا رێژه‌ی ٣٥% پێكهاته‌ی مه‌كته‌بی سكرتاریه‌ت و ئۆرگانه‌كانی یه‌كێتی مامۆستایان له‌ خانمان بێت.
شایانی باسه ئافره‌تان‌ رێژه‌ی زیاتر له‌ ٥٨%ی رێژه‌ی مامۆستایانی كوردستان پێكده‌هێنن.