Skip to the content

ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان مێزگردێکی ڕێک خست

بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی خانمان، ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان مێزگردێکی بۆ لايه‌نه‌ سیاسییەکانی کوردستان ڕێک خست.
سەرەتای کۆبوونەوەکە د. خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتيی ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، لە گوته‌یه‌كدا تیشکی خستە سەر پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو ئەو چوارچێوە و یاسا و ستراتیژانەی کە دەستەبەری مافەکانی خانمان دەکەن. هه‌روه‌ها باسی لە ڕوانگەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی خانمان کرد و گوتی: حکومەت کار بۆ ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار دەکات بۆ ئەوەی ژنان و کچان بتوانن بە توانا و لێهاتوویی خۆیانەوە بەشداری لە کایە گشتییەکانی کۆمەڵگه‌دا بکەن. 
د. خانزاد لە کۆتایيی گوتەکەیدا بەکورتی باسی لە پلانی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری 1325 و پلانی ئافرەت، ئاشتی و ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و جەختی کردەوە، کە ئەوە یەکەمجارە پلانەکە خۆماڵی دەکرێت، لە سێ کۆڵەگەی سەرەکی واتە (بەشداریکردن، پاراستن و پێشگرتن) پێکهاتووە. ئەمینداری گشتی، ڕۆڵ و پاڵپشتيی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی لايه‌نه‌كان، هەروەها ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە داڕشتنی پلانەکەدا بەرز نرخاند.

مێزگردەکە لەلایەن تانیا گلی یەکێک لە چالاکڤانانی بواری یەکسانییەوە ئیدارە درا. لە درێژەی مێزگردەکەدا دەرفەت درایە کۆی لایەنە بەشداربووه‌کان، تاکوو ڕوانگە و میکانیزمی لاه‌نه‌كانيان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی ئافرەت بخەنە ڕوو. ئەوەی جێی سەرنجە، هەموو لایەنە سیاسییە بەشداربووەکانی مێزگردەکە لەسەر ئەوە کۆک بوون کە پرسی خانمان نەکرێتە کەرەستەی ململانێ و هەڵبژاردن، و داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە میکانیزمێک دابنێت بۆ پاراستنی پاڵێوراوانی ئافرەت لە پرۆسەی هەڵبژاردندا.

هاوکات بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە کە ئەوان ڕێوشوێن و پەیڕەوی پێویستیان گرتووەتە بەر و هەر کەسێکیش سەرپێچی لێ بکات ڕووبه‌ڕووی سزای دەکەنەوە.
دواتر، بەهار عەلی بە نوێنەرایەتيی ئەندامانی بۆردی ئافرەت، ئاشتی و ئاسایش لە هەرێمی کوردستان، لێكه‌وته‌ سەرەکییەکانی مێزگردەکەیان بۆ ئامادەبووان خوێندەوە.
لە کۆتاییدا، بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان پرێس کۆنفرانسێک بۆ دەزگه‌کانی ڕاگەیاندن ڕێک خرا و ئه‌نجامه‌كانى مێزگردەکە بۆ کەناڵەکان خرایە ڕوو.
شايانى باسه‌ بە بۆنەی ٨ی مارس (ڕۆژی جیهانيی خانمان) ئه‌و مێزگرده‌ ڕێك خرا، و لە لایەن ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان و گه‌شه‌پێدان و ڕێکخراوی کۆرداید و ڕێکخراوی قبووڵکردنی ئەوانی ديكه‌، بەڕێوە چوو.