Skip to the content

ڕێوڕه‌سمی ڕاگه‌یاندنی هه‌ڵمه‌تی شازده‌ ڕۆژه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژی ئافره‌تان و كچان دەستی پێ کرد

ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ى تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، به ‌سه‌رپه‌رشتیی ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆ، بە دروشمی (پێکەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژیی ئەلیکترۆنی لە دژی ئافرەتان و کچان)، هەڵمەتی نیشتمانی شازدە ڕۆژەى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژی لە دژی ئافرەتان و کچان دەستی پێ کرد؛ کە ماوەى ١٦ ڕۆژ دەخایەنێت و تا ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠٢٥ به‌رده‌وام ده‌بێت.

سەرەتا لەلایەن د.خانزاد ئەحمەد ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، وتەى دەستپێکی ڕاگه‌یاندنی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ پێشکەش کرا. پاشان وتەی هەریەکە لە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ئازاد حەمەدەمین نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، گاریک هایراپێرتیان نوێنەری نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق پێشکەش کران. پاشان ڕەشنووسی ئاکاری میدیایی لەلایەن چرۆ ساڵح بەڕێوەبەرى پرۆگرامەکانی ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان پێشکەش کرا.

دواتر پانێڵێک بە بەشداری هەریەکە لە هەندرێن ئەحمەد سكرتێرى سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، تانیا گلی پسپۆر له بواری مافەکان و پاراستنی خانمان و دامەزرێنەری ڕێکخراوی سیید، ڕەحمان غەریب سەرۆکی سەنتەری میترۆ، د. مەریەم قـــرداغ چالاكوان لە سۆشيال ميديا، دلێر نزار دامەزرێنەری گۆڤاری ڕۆژا مــــە، دەربارەى کاریگەریی توندوتیژیی دیجیتاڵی و هەراسانکردنی ئۆنلاین له دژی ئافرەتان و گرنگیی جێبەجێکردنی ئاکاری میدیایی، بەڕێوە چوو.

لە کۆتاییدا، خەڵاتی ڕێزلێنانی ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان و گه‌شه‌پێدان، پێشکەش بەوانەی کە ڕۆڵیان هەبوو لە داڕشتن و ئامادەکردنی ڕەشنووسی ئاکاری میدیایی و پاڵپشتیکردنی کچان و ئافره‌تان له‌ هه‌رێمی كوردستان کرا.