Skip to the content

ئه‌كاديمياى كوردى پرسەنامەى زاناى كورد پرۆفيسۆر كنياز ئيبراهيم ڕادەگەیەنێ

هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- به‌بۆنه‌ى كۆچى دوايى زاناى كورد پرۆفيسۆر كنياز ئيبراهيم ميرزۆيه‌ف(1947-2021) 
به‌داخ و په‌ژاره‌يه‌كى زۆره‌وه‌ هه‌واڵى كۆچى دوايى پرۆفيسۆرووزاناى گه‌وره‌ى كورد ( كنياز ئيبراهيم) مان بيست، به‌م بۆنه‌ خه‌مناكه‌وه‌ ئه‌كاديمياى كوردى پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى خۆى پێشكه‌ش به‌ سه‌رجه‌م نووسه‌ران و بنه‌ماڵه‌ى  خوالێخۆشبوو ده‌كات. زاناى كۆچكردوو دۆستێكى نزيكى ئه‌كاديمياى كوردى بوو، له‌ زۆربه‌ى سه‌ردانه‌كانيدا بۆ كوردستان ديدارى له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا هه‌بوو و بيرو ڕامان له‌گه‌ڵيدا ده‌گۆڕييه‌وه‌

گيانى ئارام و ماڵى كۆتايى پڕ له‌ نووربێت.

ئه‌كاديمياى كوردى

ژيننامه‌:

پرۆفیسۆر میرزۆیەف (كنیاز ئیبراهیم) لە ئێوارەی 8ی ئابی 2021 دوای بیست ڕۆژ لە نەخۆشكەوتنی بە پەتای كۆرۆنا لە پایتەختی كازاخستان، ئەڵمەئاتە لە تەمەنی 74 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

 پرۆفیسۆر كنیاز لە 1ی ئایاری 1947 لە گوندی زەنگیبەسار لە كۆماری ئەرمەنستان هاتووەتە دونیاوە. تا پۆڵی هەشتەمی لە دێكەی خۆیان خوێند و دواتر ئامادەیی لە یەریڤان تەواوكرد. هەر لەوێ لە كۆلێژی فێڵۆڵۆژی لە بەشی زمان و ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵات بەردەوامی بە خوێندن دا و بڕوانامەی لیسانسی وەرگرت. هەر لە یەریڤان دكتۆرای لە بارەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەدەبیاتی كوردی و ئازەرییەوە ئامادە كرد. تا كۆتایی هەشتاكان سەرۆكی بەشی زمانەكانی ڕۆژهەڵات بوو لە زانكۆی یەریڤان. ساڵانێكی زۆر وەك مامۆستای زانكۆ و توێژینەوەی زانیستی لە زانكۆ و ناوەندە زانستییەكانی ئەرمەنستان، ڕووسیا و كازاخستان كاری كردووە.

ساڵی 1988 بەهۆی ناكۆكی و پێكدانانی ئەرمەن و ئازەری لەسەر نەگۆڕنە- قەرەباغ ناچار كرا ئەرمەنستان بەجێبهێڵێ و ڕوویكردە سان-پیتەربورگ و لەوێ پلەی پرۆڤیسۆری بەدەست هێنا. لە دوای ئەوەش ڕوویكردە كازاخستان. لەوێ كرا بە یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی كازاخستان. لەم ساڵانەی دواییدا بە یاریدەدەری سەرۆكی ئەنجومەنی گەلانی كازاخستان هەڵبژێردرا.

پرۆفیسۆر كنیاز ئیبراهیم میرزۆیەڤ ڕۆلێكی گەورەی بینی لە گەشەكردنی ناسنامەی كوردانی كازاخستان. سەرۆكی فیدیراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكانی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو بوو. هەروەها سەرۆكی كۆمەڵەی كوردەكانی كازاخستان (بەربانگ) بوو. بە هەوڵی بێ وچانی ئەو و زاناكانی تری كورد دەرفەتی خوێندنی زمانی كوردی بۆ منداڵانی ئەو كۆمارە ڕەخسا و هەر بەخۆی كتێبی خوێندنی بۆ منداڵان ئامادە كرد. 

پرۆفیسۆر كنیاز بیست و پێنچ كتێبی زانستی لە بارەی زمان، كولتوور، مێژوو و ئەدەبیاتی كوردەوە بە كوردی، ڕووسی، ئەرمەنی. ئازەری. كازاخی، توركی، فارسی و ئینگلیزی بڵاوكردۆتەوە. دەیتوانی بە 8 زمان قسە بكات زیاتر لە 600 لێكۆلێنەوەی زانستیشی لەم بوارانەدا بڵاوكردۆتەوە. 

ساڵی 1974 ژیانی هاوسەری پێكهێناوە و باوكی سێ كوڕ و دوو كچە. 

سەرەخۆشی گەرمی خۆمان پێشكەش بە هاوسەر و كچ و كوڕەكانی و هەموو دۆستان و هاوریانی پرۆفیسۆر كنیاز ئیبراهیم دەكەین و هەمیشە یادی زیندوو بێ.