جێگرى سەرۆکى ئەکادیمیاى کوردى: ڕێنووس و زمانى کوردى شێواوییەکى پێوە دیارە کە حکومەت دەبێت ڕێگرى لێ بکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئه‌كادیمیای كوردی، ده‌زگایه‌كی كلتووری و فه‌رهه‌نگییه كه سه‌ر به ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه و له بواره‌كانی زمان و كلتوور و فه‌رهه‌نگ و مێژووى کوردستان كار ده‌كات. تایبەت بە ڕۆژى زمانى کوردى و چەند پرسێکى دیکە، فەرمانگەى میدیا و زانیارى، گفتوگیەکى لەگەڵ پڕۆفیسۆر د ڕەشاد سه‌بری میران جێگری سه‌رۆكی ئه‌كادیمیای كوردی ئەنجام داوە:
سه‌ره‌تادا د.ڕەشاد سه‌بری میران گوتى ئەکادیمیاى کوردى دەزگایەکى گەورە و فه‌رمی سه‌ر به ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانە و بە پشتیوانى ئەنجوومەنى وەزیران لە هه‌ندێك بواردا چالاكی دەكات، وه‌ك بواره زانستییه‌كانی زمان، مێژوو، كولتوور و سیاسه‌ت و زۆر بواری تر. میران گوتى "بەدەر لهمەش ساڵانه چه‌ندین کتێب چاپ دەکەین و له بواری توێژینه‌وه‌ى زانستیش بە هه‌ڵسه‌نگاندن و پێوهرگەلى زانستی بەرهەمى جددى بڵاو ده‌كەینه‌وه، ئەمە بەدەر لە ئه‌نجامدانی كۆڕی زانستی و ڕۆشنبیری سه‌باره‌ت به گشت بابهتهكان".
پڕۆفیسۆر ڕەشاد سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی كاری ئه‌كادیمیاكه باسى لەوە کرد کە له ئه‌كادیمیا لیژنه‌ی جۆراوجۆریان هه‌یه وەک لیژنه‌ی زمان، فه‌رهه‌نگ، مێژوو، كۆمه‌ڵایه‌تی و لیژنه‌ی چاپ و بڵاوكردنه‌وه كه هه‌ر یه‌كەیان كاری خۆی ئه‌نجام ده‌دات و له لایه‌ن پسپۆڕ و كه‌سانی تایبه‌تمه‌نده‌وه بە پێى پلانى دیاریکراو بەڕێوە دەبرێن و ئەوەشى گوت کە "كاری ئه‌و پسپۆڕانه به‌رده‌وامه و په‌یوه‌ست نییه به كاتێكی دیاریكراوەوە، چونكه كاری زانستی پێویستی به قووڵبوونه‌وه و تێفكرینی پێویست هه‌یه بۆ گه‌یشتن به به‌رئه‌نجام و ده‌رئه‌نجامی زانستی".
ئه‌كادیمیای، كتێبخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هەیە كه هه‌موو جۆره كتێبێكی لەخۆگرتووە تا نووسه‌ران، توێژەران و ڕۆشنبیران بتوانن لە کاتى توێژینەوە و هەر بابەتێکى بەدواداچوون سوودى لێ وەربگرن. بە قسەى جێگرى سەرۆکى ئەکادیمیاى کوردى، ئەم کتێبخانە مەزنەش لە ڕێگەى وەرگرتنى بەرهەمە ئه‌كادیمی و بابەت جیاوازەکانى نووسەران و توێژەران پێک هاتووە و ئەکادیمیاش لیژنه‌یەکی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌یه کە بەرهەمى نووسەران پاشان ته‌ماشا و هەڵسەنگاندن لە ڕێگەی شاره‌زایان چاپ و بڵاو دەکرێنەوە و "له پاڵ چاپكردنی به‌رهه‌می نووسراوی نووسه‌ران، هاوكات بابه‌تی نووسه‌رانیش له گۆڤار بڵاو ده‌كرێته‌وه كه توێژەران پێشكێش به گۆڤاره‌كه‌ی ده‌كه‌ن، گۆڤارهكهشمان بابه‌ت و وتاره‌كان به زمانه‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی و ئینگلیزی تێدا بڵاو دەبێتەوە".
ئەرکێکى گەورەترى ئەکادیمیاى کوردى، شێوازی نووسین و ڕێنووسی كوردی ڕاستە و له‌م ڕووه‌وه چاپكراوێكیان لە شێوه‌ی نامیلكه بۆ دروستنووسین و دروستى ڕێنووسی كوردی هەیە و به‌سه‌ر هه‌موو داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دابه‌ش كراوه و پڕۆفیسۆر ڕەشاد هیوای ئەوەى خواست کە ڕەچاو بكرێت و كاری پێ بكریت، به‌ڵام ڕەخنەشى لە خەڵک و نووسەران و دام و دەزگاکان گرت کە ڕەچاوى تەواوى ناکەن و "ته‌نانه‌ت ڕۆشنبیر و ڕاگه‌یاندنیشمان هەیە کە هه‌ر ئاگای له‌و نامیلكه‌یه نییە و هه‌ندێكیشیان به هه‌وه‌س ڕەچاوی ناکەن و به لایانه‌وه گرنگ نییه! بۆیه جۆره شێواوییهك له زمانی كوردی دروست بووه، به ڕاستی له بواری به‌كارهێناندا ئه‌م شێواویه به ته‌واوه‌تی هه‌ستی پێ ده‌كرێت، له بواری نووسیندا هه‌ندێك باشتره، به‌ڵام له بواری قسه‌كردن و ده‌ربڕیندا ئه‌و شێواوییه ته‌واو دیاره، كه له‌م ڕووه‌وه به‌شێك له ده‌زگاكان هاوكار نین".
سەبارەت بە ڕێگری‌کردن لەو شێواوییە جێگرى سەرۆکى ئەکادیمیاى کوردى پێى وایە ئەوە ئه‌كادیمیا نییە کە دەبێت ڕێكار بگرێته به‌ر، "به‌ڵكو كاری ئێمه زیاتر پێشكه‌شكردنی به‌رهه‌مه، بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نه زانستییه‌كه‌ی ئه‌م بواره بخه‌ینه ڕوو. ئه‌ركی حكومه‌ت و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانە کە خه‌ڵك پابه‌ند بكات به‌و شێوازه نووسینه‌ی ئه‌كادیمیا پێشنیاز و پێشكەشی كردووه، بۆیه ئێمه وه‌ك ئه‌كادیمیا ته‌نها ئه‌مه ئه‌ركمانه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تر ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر حكومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و ئه‌وانی تریش پابه‌ند بكات و ڕێكاریان به‌رانبه‌ر بگرێته به‌ر".
جێگری سه‌رۆكی ئه‌كادیمیای كوردی تیشكی خسته‌سه‌ر پلانه‌كانی ئه‌كادیمیا بۆ ئایندە و گوتی "پلانی ئێمه له ڕابردوو، ئێستا و ئایینده‌ش به‌رده‌وام بووه و به‌رده‌وامیش ده‌بێت، كه پلانه‌كانمان زانستین و پڕۆژەی جۆراوجۆرمان هه‌یه، بۆ نموونه پڕۆژەی فه‌رهه‌نگمان (قامووس) هه‌یه نه‌ك هه‌ر هی خۆمان، به‌ڵكو خه‌ڵكیش فه‌رهه‌نگمان بۆ ده‌نێرێت، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی خۆبه‌خشانه فه‌رهه‌نگیان له بواره جیاجیاكان داناوه، ئێمه‌ش پێداچوونه‌وه‌یان بۆ ده‌كه‌ین و ڕێنماییشیان ئاڕاسته ده‌كه‌ین و بۆشیان چاپ ده‌كه‌ین. بەدەر لەمە ئینسكلۆپیدیامان له به‌ر ده‌سته كه هه‌تا بڵێی كارێكی به‌رفراوان و گه‌وره‌یه و به‌م زووانه ده‌روازه‌كه‌ی ده‌رده‌چێت، بابه‌ته‌كانیشی به‌شی هه‌ره زۆری ئاماده‌ن، كه ڕەنگه له‌م ساڵدا یه‌ك دوو به‌رگی لێ ده‌ربچێت. هاوكات ئێمه وه‌ك له سه‌ره‌وه باسمان كرد لیژنه‌ی كولتووریمان هه‌یه كه هه‌ڵده‌ستێت به ڕووپێوێكی كولتووری هه‌رێمی كوردستان، واته كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی چه‌ندین ورده كلتوور له خۆ ده‌گرێت، كه پێویستیان به ناسین و ناساندن هه‌یه، به تایبه‌ت كلتووری ناوچه جیاجیاكانی كوردستان وه‌ك ناوچه‌ی هه‌ورامان، بادینان و ناوچه‌كانی تر، هه‌روه‌ها ورده كلتووری تر هه‌یه كه هه‌مووان پێویستیان به قووڵبوونه‌وه و لێتوێژینه‌وه هه‌یه، به مه‌به‌ستی ناساندنی كۆمه‌ڵگه‌ی خۆماڵی".
بۆ بینىنى ڤیدیۆى ڕاپۆرتەکە کلیک لەسەر ئەم لینکەىلا خوارەوە بکە:
چاوپێکەوتن لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی، لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک - YouTube
فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری
21/2/2022