دۆسێیەكی تایبەت بەپرسی مادەی ١٤٠ بۆ شاندی دانۆستانكاری هەرێم بۆ بەغدا ئامادە دەكرێت
هەولێر،هەرێمی كوردستان، عیراق (GOV.KRD) – بەمەبەستی ئامادەكردنی دۆسێی تایبەت بەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو شاندەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بەنیازە بۆ مەبەستی دانوستاندن سەردانی بەغدا بكات، چەندین پرسی گرنگی پەیوەست بەم پرسەوە قسە وباسی لەبارەوە كرا بەتایبەتی زەویە كشتوكاڵیەكان وهەوڵی بەردەوامی دەستبەسەرداگرتنی ئەم زەویانە.
هەر لەم بارەیەوە ئەمڕۆ پێنج شەمە ٢٤ ی ئەیلوول (سێپتەمبەر)ی ٢٠٢٠ خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان وحكومەتی فیدراڵ وعەبدولحەكیم خەسرەو سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەوەكالەت سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكیان كرد لەگەڵ ستافی دەستە.
لەم كۆبوونەوەیەدا تیشك خرایە سەر پرسی جێبەجێكردنی مادەی ١٤٠ ی دەستووری عیراق وسەلماندنی موڵكداری زەوی وزارە كشتوكاڵیەكان وبەردەوامبوونی سیاسەتی بەعەرەبكردن، هاوكات راپۆرتێكیش لەبارەی ڕەوشی ئەمنی ئەو ناوچانە وئەو مەترسیانەی هەڕەشە لەسەقامگیریان دەكەن.