Skip to the content

قونسوڵی يابان سەردانی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕێککەوتی ٢٠٢١/٨/٤ (د.عبدالحکیم خسرو) سەرۆکی دەستە بەوەکالەت لەگەڵ ستافی دەستە پێشوازیان لە (ئارامیکی کاواھیرۆ) قونسوڵی یابان کرد و چەند تەوەرێک خرایە بەر باس. لە سەرەتای دیدارەکە سەرۆکی دەستە باسی مادەی ١٤٠ ی دەستوور و هەنگاوەکانی جێبەجێ کردنی و بارودۆخی ناوچە کوردستانیەکانی کرد لە ڕابردوو تاکو ئێستا، ھەروەھا تیشکی خستەسەر بەربەست و گرفتەکان و ئەو پێشێلکاریانەی ڕۆژانە بەرانبەر خەڵکی ئەو ناوچانە ئەنجام دەدرێت.
 
  لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا (د.عبدالحکیم) بە کورتی باسی مێژووی سیاسەتی بە عەرەبکردن لەو ناوچانە لەسەردەمی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق کرد، هەروەها تیشکی خستەسەر قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێڕاق، هەنگاوەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور و جەختی کردەوە کە حکومەتی ھەرێم هەموو کات دەستپێشخەر بووە لە چارەسەری ئاشتیانەی ئەو گرفتانەی کە هەن بەپێی دەستوور، بەتایبەتی ماددەی ١٤٠ کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم.
 
دواتر بەڕێزیان تیشکی خستەسەر ڕێککەوتننامەی شنگال کە لە ٢٠٢٠/١٠/١ لەنێوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند واژوو کرا، بەمەبەستی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە و ئاوەدانکردنەوەی و گەڕاندنەوەی گوزەرانی ئاسایی بۆ دانیشوانی ئەو ناوچەیە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، بەڵام بەھۆی چەند کێشە و گرفتێک تا ئێستا نەتواندراوە ھەنگاوی جیدی و کاریگەر بندرێت، وە هیوای خواست بەزووترین کات ئەو کێشانە کۆتاییان پێبێت.
 
لە کۆتاییدا قونسوڵی یابان  (ئارامیکی کاواھیرۆ) سوپاسێکی تایبەتی سەرۆکی دەستەی کرد بۆ پێدانی کۆمەڵێک زانیاری دەربارەی مێژووی عێڕاق و ئەو قۆناغانەی کە ھەرێمی کوردستان و ووڵاتی عێڕاق پێیدا تێپەڕیون، وە ھیوای خواست هەماهەنگی و هاوکاری لە نێوانیان بەردەوام بێت، لە بەرانبەردا (د.عبدالحکیم) سوپاسی هەموو ئەو هاوکاریانەی کە لە لايەن ووڵاتی یابان بەگشتی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و هیوای خواست کە هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان قونسوڵخانە و دەستە بەردەوام بێت .