Skip to the content

ئەنجوومەنی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم کۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/٤/١٤ بەسەرپەرشتی (د.عبدالحکیم خسرو) سەرۆکی دەستە بەوەکالەت و ئامادەبوونی ڕاوێژکارانی دەستە و سەرۆکی فەرمانگەکان، کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا

لە سەرەتادا کە ڕێککەوتی کۆبوونەوەکە ھاوکات بوو لەگەڵ ساڵیادی تاوانی ئەنفال، بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی ئەنفالکراوان دەستیپێکرد، دواتر باس لەم تاوانە کرا کە دەرھەق بە گەلی کوردستان ئەنجامدراوە، وە بە پێویست زانرا لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی ھەرێم بەدواداچوونی زیاتر بکات دەربارەی قەربووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان.
لە تەوەرێکی تردا باس لە پێکھاتەی پەیکەری دەستە کرایەوە، کە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدا تەرکیزی لەسەر کردووەتەوە، بۆیە بڕیاردرا لەماوەیەکی کورت و بەگوێرەی ئیش و کار و پێویستییەکانی دەستەکەمان کار لەسەر کەمکردنەوەی پیکەری دەستە بکرێت.
ھەروەھا باس لە دەوام و کار و چالاکی نووسینگەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی سەر بە دەستەکەمان کرا،
دواتر تیشک خرایەسەر ڕاپۆرتی ھەفتانەی دەستە.

ئاماژە کرا بە وێب سایتی فەرمیی دەستەکەمان، کە بابەتی زیاتر و پەیوەست بە دەستەکەمان، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوە، جینۆساید، ئەنفال، قەرەبووکردنەوە و بەڵگەنامەکان دابندرێت، بەمەبەستی دەوڵەمەندکردنی لینکی دەستەکەمان لە پۆرتاڵی فەرمیی حکومەت.
لە کۆتاییشدا باس لە کاراکردنەوەی داتا بەیس کرا، هەروەها باس لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی تۆماری سجلاتی ٥٧ کرا، وە تیشک خرایەسەر فایلاتی قەرەبووی زیانلێکەوتووانی ناوچە کوردستانییەکان لە چوارچێوەی مادەی ١٤٠ ـی دەستوور.