فەھمی بورھان: بەغدا ھیچ بودجەیەکی بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم تەرخان نەکردوە
هەولێر ، هەرێمی کوردستان ، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ١١ی ئابی ٢٠٢٢، فەھمی بورھان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە چو کیجونگ کونسوڵی گشتی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا فەھمی بورھان، باسی بارودۆخی ئێستای ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانی کرد و ئاماژەی دا کە کێشەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کێشەی سیاسی و یاسایین، و حکومەتی عێراق تێڕوانینێکی ڕوونی نیە بۆ چارەسەرکردنیان.
ڕونیشی کردەوە کە تا ئێستا حکومەتی عێراق ھیچ بودجەیەکی دیاریکراوی بۆ ئاوەدانکردنەوە و خزمەت گەیاندن بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان تەرخان نەکردووە، بەتایبەتی بۆ ھاوکاریکردنی ئاوارەکان کە بەشێکی زۆریان لە کەمپەکان نیشتەجێن و گوزەرانیان باش نیە.
کونسوڵی گشتی کۆریای باشوور، ڕایگەیاند "ئاگادارین، لە ھەرێمی کوردستان ڕەچاوی مافی کەمە نەتەوەییەکان کراوە" ئەمەش شایانی دڵخۆشییە، و ئاماژەشی دا کە کێشەی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان زۆر ھەستیارە، بۆیە پێویستە بە زمانی گفتوگۆ و دیبلۆماسی چارەسەر بکرێن و مافی پێکھاتە جیاجیاکانی ئەو ناوچانە پارێزراو بێت.