Skip to the content

کونسوڵی ئەرمینیا و دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان هاوکاری و هاوسۆزیی هەردوو گەلیان بۆ یەکدی دووپاتکردەوە

هەولێر ، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی ئابی ٢٠٢٢، سەرۆک و ستافێکی ئەنجوومەنی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، پێشوازیان لە ئارشاک مانۆکیان کونسوڵی گشتیی کۆماری ئەرمینیا لە ھەرێمی کوردستان کرد.

سەرەتا فەھمی بورھان سەرۆکی دەستە، کورتەباسێکی مێژوویی و جوگرافیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کرد، ھەروەھا تیشکی خستەسەر بوونی پێکھاتە و کولتوور و زمانی جیاواز لەم ناوچانە؛ ئاماژەی بۆ ئەو ماددە دەستوورییانە کرد کە باسی کێشەکانی ئەم ناوچانە لەخۆدەگرێت، بەتایبەتی مادەی ١٤٠ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق.

لەم ڕووەوە فەھمی بورھان ڕایگەیاند "گەر ئەو ماددە دەستوورییە جێبەجێ بکرێت، زۆرینەی کێشەکانمان چارەسەر دەبێت؛ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تێڕوانینێکی ڕوونی ھەیە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەم ناوچانە".
لە تەوەرەیەکی تری دیدارەکەدا سەرۆکی دەستە باسی لەو داتا و سەرژمێرییانە کرد کە لە ساڵانی زووەوە لەسەر ئاستی وڵاتی عێراق ئەنجامدراون و بەڵگەی ڕوونن کە ئەم ناوچانە کوردین و کوردستانین.

دواتر ئارشاک مانۆکیان کونسوڵی گشتیی کۆماری ئەرمینیا، باسی لە مێژووی وڵاتی ئەرمینیا کرد، ھەروەھا باسی لەو کێشانە کرد کە لە وڵاتەکەیاندا درووست بوون. گوتی "ئەرمینییەکانیش دووچاری کارەساتی جینۆساید بوونەتەوە کە ڕووداوێکی ناخۆش و لەیادنەکراوە".

کونسوڵی گشتیی ئەرمینیا وای بینی بەشێکی ڕووداوەکانی مێژووی وڵاتەکەیان لەگەڵ ڕووداوەکانی مێژووی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەن. کە هۆکار دەبن بۆ هاوسۆزی و کاری پێکەوەیی.

لە کۆتاییشدا ھەردوولا ھیوای چارەسەری کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکان و وڵاتی ئەرمینیایان خواست لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا.