Skip to the content

سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم سەردانی شاری کەرکوکی کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD) رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٧ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ ، فەھمی بورھان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری کەرکوکی کرد.

فەھمی بورھان، لەگەڵ سەرۆکی فەرمانگە و بەرپرسی یەکە ئیدارییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە کەرکوک کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چەند پرسێکی ھەنووکەیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم بەگشتی و بەتایبەتی شاری کەرکوک کرا، و تیشک خرایەسەر کاراکردنەوەی ڕۆڵی دامودەزگاکانی حکومەتی ھەرێم لە کەرکوک. 

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی دەستە جەختی لە گرنگی کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ ی دەستوور کردەوە وەک ھەنگاوێکی گرنگ و ئەرێنی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، لەم ڕووەوە فەھمی بورھان ڕایگەیاند "پێویستە و گرنگە سەرجەم لایەنەکان یەکدەنگ و یەکگووتار بن، لەپێناوی بەرگریکردن و بەدەستھێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد بۆ خزمەتکردن بە پرسی ئەم ناوچانە کە پرسێکی نیشتمانییە".

لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەیدا فەھمی بورھان، لەگەڵ مامۆستایان و بەڕێوەبەران و سەرپەرشتیارانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک کۆبووەوە، تیایدا ڕەوشی خوێندنی کوردی لە شارەکە و ئەو گرفتانەی کە ھەن باسی لێوەکرا و سەرۆکی دەستە لە نزیکەوە گوێی بۆ کێشە و داواکاری و سەرەنجەکانییان گرت، وە ئامادەیی ھەر جۆرە ھاوکاری و پاڵپشتییەکی دەستەی بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی خوێندنی کوردی شاری کەرکوک نیشاندا.
دواتر لەگەڵ لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق و کوردستان کۆبوونەوە، باس لە ڕەوشی وەزشی شارەکە کرا، لەگەڵ ئاماژەدان بەو دەستکەوتانەی ڕۆڵەی شارەکە بەدەستیانھێناوە، ھەروەھا کێشە و پێداویستیەکانی بواری وەرزشی شارەکە خرایەڕوو، فەھمی بورھان ڕایگەیاند "کایەی وەرزش ھیچی کەمتر نییە لە کایەکانی تر و دەبێت گرنگی زیاتری پێبدرێت و ڕۆحییەتی وەزشی و دۆستایەتی شاری کەرکوک زیندوو ڕابگرین".

لە کۆتاییشدا، سەرۆکی دەستە ئامادەیی خۆی و دەستەی نیشاندا بۆ ھەر جۆرە ھاوکاری و پاڵپشتییەک بۆ تەواوی چین و توێژەکانی شاری کەرکوک. بەڵێنی پێدان سەرجەم داواکاریەکانیان بگەیەنێتە لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان، بۆ خزمەت گەیاندن بە شاری کەرکوک و خەڵکەکەی.