Skip to the content

ئەنجوومەنی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لەبارەی سەرژمێرییەوە لەگەڵ دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٦ ـی تەممووزی ٢٠٢٢،  سەرۆک و ستافێکی ئەنجوومەنی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، لەگەڵ سیروان محەمەد سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. 
فەھمی بورھان سەرۆکی دەستە، باسی لە ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراقدا کرد کە ئێستا ئامادەسازی بۆ دەکرێت، وە بە گرنگ و پێویستی زانی سەرژمێرییەکی پاک و بێگەرد لە سەرتاسەری عێراق بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بکرێت، بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی تایبەتی ئەم ناوچانە بەھۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆری خێزان لە شوێنی نیشتەجێبوون و زێدی خۆیان، کە ئەمەش مەترسییە بۆ گۆڕانی دیمۆگرافیا و ھاوسەنگی لەم ناوچانەدا.
ھەروەھا تیشکی خستە سەر کۆبوونەوەی ٢٩ ـی حوزەیران، لەگەڵ یەکە ئیدارییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، کە لەم ڕووەوە چەند سەرنج و پێشنیارێکی گرنگیان خستەڕوو، دەستەش بە گرنگییەوە وەریدەگرن و دەیگەیەننە لایەنی پەیوەندیدار، بەمەبەستی کارکردن لەسەری و ئامادەکاری بۆ ئەم پڕۆسەیە. 
سیروان محمد، سەرۆکی دەستەی ئامار باسی لە بەئەلیکترۆنیکردنی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراقدا کرد، ڕایگەیاند"دەبێت داتاسەنتەریی سەرژمێریی ھەرێمی کوردستان لای خۆمان بێت". ئاماژەی بە پێشنیارەکەیان دا لەبارەی لەبەرچاوگرتنی فرەیی پێکھاتە و ئایین و نەتەوەکان، کە پێویستە ئەندامییەتیان ھەبێت لە لیژنەی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی عێراق.
هەروەها گوتی"وەک دەستەی ئاماری ھەرێم بە ھەماھەنگی دەزگای ئاماری عێراق بۆ ڕاستییەتیی ئەم پڕۆسەیە کار لەسەر لایەنی تەکنیکی و ھونەری دەکەین." 
لە کۆتاییشدا فەهمی بورهان، ئامادەیی تەواوی دەستەی بۆ ھەر جۆرە ھاوکارییەک لە ھەر ڕوویەکەوە پیشاندا کە ببێتە مایەی سەرکەوتن و ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق.