لە کۆبوونەوەیەکدا بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم گفتوگۆی لەبارەیەوە کرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/٥/١٦ فەھمی بورھان سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و ئەندامانی ئەنجوومەنی دەستە، لەگەڵ لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە پەرلەمانی کوردستان، کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی دەستە باسی لە بارودۆخی ئێستای ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم کرد و تیشکی خستەسەر ڕووداوە ھەنووکەییەکانی ئەو ناوچانە، بەتایبەتی لەڕووی ئەمنی، سیاسی و خزمەتگوزاری.
لیژنەی ناوبراو، باسیان لە ڕێککەوتننامەی شنگال کرد و گوتیان "جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال ھەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو دەڤەرە"
لە کۆتاییشدا ھەردوولا دووپاتی ھەماھەنگی و باشترکردنی ڕەوشی ئەو ناوچانە و گوزەرانی خەڵکەکەیان کردەوە.