Skip to the content

هه‌وڵ ده‌درێت گرفتی زەویە کشتوکاڵییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم چاره‌سه‌ر بكرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنج شەممە ١٩ ی ئایاری ٢٠٢٢ ، فەھمی بورھان سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، پێشوازیی کرد لە ھەریەکە لە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گشتی گەشت و گوزار، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا سەرۆکی دەستە باسی لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم کرد، کە خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچانە خاوەنی ئەو زەوییانەن ، بەڵام ناتوانن بەکاری بێنن، بەھۆی ئەوەی ئەم زەوییانە داگیرکراون لە لایەن عەرەبی هاوردەوە ، هەروەها بوونی ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی بە پێویست زانی تا ئەو بابەتە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
لای خۆیه‌وه‌ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئامادەیی نیشاندا بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەستەی ناوچە کوردستانییەکان، بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی خەڵکی ئەم ناوچانە.
لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا، سەرۆکی دەستەی گەشت و گوزار بەباشی زانی بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەستەی ناوچە کوردستانییەکان سوود لە کار و توانای ڕێکخراوەکانی (JICA) و (UNDP) وەربگرن بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆژانەی کە پێویستن و خزمەت بە دانیشتووانی ئەم ناوچانە دەگەیەنێت.