Skip to the content

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەروەی ئیدارەی هەرێم و کونسوڵی چین کۆبوونەوە

 هەولێر ، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD) لە درێژەی زنجیرە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ کونسوڵی وڵاتانی بیانی، رۆژی دووشەممە  ١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، فەھمی بورھان، سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، پێشوازیکرد لە نی روچی کونسوڵی گشتی کۆماری چینی میللی لە ھەرێمی کوردستان. 
کۆبوونەوەی سەرۆکی دەستە لەگەڵ کونسوڵی وڵاتانی بیانی، بەمەبەستی ناساندنی مێژوو و جوگرافیای ناوچە کوردستانییەکان و ئاشناکردنیان بوو بە بارودۆخی ئەم ناوچانە، لەم سۆنگەیەوە فەھمی بورھان کورتە باسێکی دۆخی ناوچەکە و پێشھاتەکانی ئەم دواییەی بۆ کونسوڵی چین خستەڕوو، وە ھیوای خواست حکومەتی ھەرێم سوود لە ئەزموونی پێشکەوتووی وڵاتی چین وەربگرێت لە سێکتەرەکانی پەروەردە، تەندروستی، ئاوەدانکردنەوە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بەشێوەیەکی زیاتر و باشتر. 
دواتر نی روچی کونسوڵی گشتی کۆماری چینی میللی، ئاماژەی بە پەیوەندیەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان کرد، ڕایگەیاند"باڵوێزمان لە عێراق و کونسوڵمان لە ھەرێمی کوردستان و نوێنەرەکانمان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەین بۆ خزمەت گەیاندن بە ناوچە کوردستانییەکان" ھیوای خواست دەستە ھاوکاریان بێت لە ھەر پڕۆژەیەک کە لە ناوچە کوردستانییەکان ئەنجامی بدەن. 
لای خۆیەوە فەھمی بورھان پاڵپشتی خۆی و دەستەی بۆ کونسوڵی کۆماری چین دەربڕی بۆ ئەنجامدانی ھەر کار و پڕۆژەیەک کە خزمەت بەم ناوچانە بکات.