Skip to the content

پرسی ماددەی ١٤٠ی دەستوور و کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکان تاووتوێ کران

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، فەھمی بورھان سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، پێشوازی لە دژوار فایەق، ڕاوێژکاری باڵا لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کاروباری مادەی ١٤٠ ی دەستوور کرد.

سەرەتای کۆبوونەوەکە باس لە بارودۆخی ئێستای ناوچە کوردستانییەکان لەڕووی ئەمنی و ئیداری و خزمەتگوزارییەوە کرا، ئاماژە بە کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستووری ھەمیشەیی کرا، کە تاکە ڕێگەی چارەسەرکردنی کێشەکان و گەڕاندنەوەی مافە بۆ لایەنەکان.

دواتر فەھمی بورھان، سەرۆکی دەستە، باسی لە دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ ھێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان کرد، کە گشتیان ھاوڕان لەسەر پرسی ئەم ناوچانە کە دەبێت کورد یەکدەنگ و یەکگوتار بێت.

ھەروەھا سەرۆکی دەستە ئاماژەی بە درووستکردنی ناوەندی دیکۆمێنتی نیشتمانی کرد، بەمەبەستی کۆکردنەوەی گشت بەڵگەنامەکانی تایبەت بە ماددەی ١٤٠ ـی دەستوور و ناوچە کوردستانییەکان.

لە تەوەرەیەکی تردا، فەھمی بورھان بەباشی زانی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان ھان بدرێن بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر پرسی مادەی ١٤٠ی دەستوور و کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکان و سوودیان لێ وەربگیرێت؛ باسی لە ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم پێکھاتە و کەمایەتییە نەتەوەییەکانی ئەم ناوچانەش کرد بەمەبەستی گوێگرتن بۆ سەرنج و داواکانیان و لەبەرچاوگرتنی مافەکانیان.