کار لەسەر قەرەبووکردنەوەی جووتیارانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکرێت
هەولێر ، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٢ ی ئەیلولی ٢٠٢٢، فەھمی بورھان، سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، پێشوازیکرد لە ھەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی سەوز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
لە دیدارێکدا دۆخی ئێستای ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم تاوتوێکرا، و فەهمی بورهان، باسی لە بەرنامەی کاری دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کرد، و دیدگای حیزبە سیاسییە کوردییەکانی خستەڕوو کە لە ماوەی ڕابردوودا بەشێوەی جیاجیا سەردانی بەشێکیانی کردووە، و تیشکی خستەسەر ئەوەی کە تەواوی ھێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان کۆک و ھاوڕان لەسەر یەکدەنگیی کورد لە بەغدا بە ئامانجی خزمەت گەیاندن بە پرسی ناوچە کوردستانییەکان کە پرسێکی نیشتیمانییە.
ھەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی سەوز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوایکرد دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەردەوامبن لە ئامادەکردنی داتا و زانیاری و بەڵگەنامەکانی تایبەت بەم ناوچانە، تاکو بتوانن کاری لەسەر بکەن لەڕووی زەوی و زاری کشتوکاڵی جووتیارانی کورد و قەرەبووکردنەوەیان.