ڕاگەیەندراوی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان لەبارەی ڕووداوەکانی گوندی پەلکانە
دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەبارەی هێرشی عەرەبی هاوردە بۆ سەر جوتیارانی کوردی پەلکانە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئیدانەی ئەو هێڕشە دەکات، ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:
بەداخەوە ئەمە چەندین جارە لە ناوچەی
سەرگەڕان و بە دیاریکراوی لە سنووری گوندی پەڵکانەی سەر بە پارێزگای کەرکوک، بەردەرگا لە دانیشتووانی کوردی ناوچەکە ئەگیرێت و لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا لەبری جەژنەپیرۆزە و گەردنئازادی و دابەشکردنی شیرینی، عەرەبی هاوردە ئەکەونە وێزەی دانیشتووانی کوردی ناوچەکە و خۆشیی جەژن ئەگۆڕن بۆ پشێوی و هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە و پەلاماردانی کوردی خاوەنزەوی و کێڵگەی ناوچەکە.
بەداخەوە ئەم پەلاماردانە و داگیرکردنی گوندەکان و خاپورکردنیان لە سایەی حکومەتەکانی دوای ڕووخانی سەدامیش بەردەوامە و ڕووئەدات، ئەمەش دادگا و دادپەروەری عێراق دەخاتە بەردەم بەرپرسیارییەتیی گەورە، ئێمە لەکاتێکدا ئیدانە و نیگەرانیی قوڵی خۆمان ڕادەگەیەنین، چاوەڕێن لە کابینەکەی بەڕێز (محەممەد شیاع سودانی) سنوورێک بۆ ئەم جۆرە دژایەتیانە دابنرێت و دووبارە و سەد بارە نەبنەوە وەک لەئێستادا بەدیدەکرێت.
لەهەمانکاتدا، داوا دەکەین دەستوور و یاسا بەرکارە نوێیەکان ببنە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە پەلامار و هەڕەشەی چەکداری، نە برینەکان ساڕێژ دەکات و نە هاووڵاتییانی کوردی ئەو ناوچانەش بەم کردەوانە بێدەنگ دەبن.
لەکۆتایشدا هەموو لایەک دڵنیا ئەکەین بە هەوڵی دڵسۆزان ئێستا بارودخی ناوچەکە ئارامە، بەڵام پێمانوایە ماددەی ۱٤٠ بنەما گشتییەکەی چارەسەربوونی یەکجاری کێشەکانە، لەم بارەیەوە ڕوودەکەینە بەڕێزان لە سەرۆکایەتیی کۆمار و وەزیر و فراکسیۆنە کوردەکان لە بەغداد، توانا دەستووریەکانی خۆیان لە ئاست جێبەجێکردنی ئەم ماددە دەستووریە بخەنەگەڕ، لەلایەکی تریش هەوڵەکانیان زیاتر بکەن بۆ نەهێشتنی ئەم یاساشکێنی و زیادەڕەوییانە.
دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم
٢٢ـی نیسانی ٢٠٢٣