فەهمی بورهان لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە
ڕۆژی پێنج شەممە ٣٠ـی تشرینی دووەمـی ٢٠٢٣، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و چۆنییەتی کارکردن لەپێناو سەرکەوتنی کورد لە کەرکووک، لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەیاندا هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بەگشتی و دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەتایبەت لەو بارەیەوە خرانە بەرباس.
سەرۆکی دەستەی رایگەیاند: ''لەچەند ساڵی ڕابردوودا و تا ئێستاش کەرکووکییەکان هەست بە بوونی جیاکاری دەکەن، بۆیە بەهەموومانەوە دەبێت کار بکەین لەپێناو نەهێشتنی ئەو جیاکارییە، چونکە کەرکووک بە فرە ڕەنگییەوە جوانە و هەر دەبێت واش بمێنێتەوە.''