Skip to the content

فەهمی بورهان: تەعریب کردن لە ناوچە کوردستانییە بەردەوامە

ڕۆژی چوارشەممە ١٣ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەشداری لە پانێلێک لەژێر ناونیشانی (کوردستانی بوونی کەرکووک لە نێوان تەعریبی کۆن و کاریگەری تەعریبی نوێدا) کرد، کە لەلایەن سەرۆکایەتی زانکۆی چەرمۆ لە چەمچەماڵ رێکخرابوو .
 
لە پانێلەکەدا فەهمی بورهان، بەشێوەیەکی گشتی لەڕووی مێژوییەوە باسی لە کوردستانیی بوونی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە کرد و ئاماژەی بە شێوازەکانی تەعریب لەم ناوچانە کرد کە بەچەندین شێواز لە حکومەتە یەک لە دواییەکەکانی عێراق ئەو ناوچانە تەعریب کراون .
 
هەر لە پانێلەکەدا سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، تیشکی خستە سەر تەعریبی نوێ و باسی لەوە کرد کە تەعریبکردن لەم ناوچانە هەر بەردەوامە، بەڵام بە شێوازێکی نوێ، ئەمەش بە مەترسییەکی گەورە دادەنرێ بۆ سەر ئەم ناوچانە.
 
لەلایەکی تر، سەرۆکی دەستە ئاماژەی بەڕۆڵی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان کرد لەم ناوچانە کە دەبێت هەمووان بەیەکەوە و بە یەک دەنگ کار بکەن لەپێناو نەهێشتنی ئەو ئەو مەترسییانەی کە لەسەر خاک و نەتەوە لەم ناوچانەدا هەیە.
 
هەر لە پانێلەکەدا فەهمی بورهان گرنگی هەڵبژاردنەکانی پارێزگاکانی ڕوون کردەوە، بە تایبەت لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، هەروەها بەشداری کردنی هاوڵاتییانی کوردی ئەوناچانە بە ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی وەسف کرد .