Skip to the content

دیداری ڕاوێژکاری یاسایی دەستە سەبارەت بە کێشەی زەوی و زاری جووتیاران لە خانەقین بەڕێوە چوو

ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، وەفدی باڵای دەستەکەمان بە سەرپەرشتیی سەرۆکی دەستە فەهمی بورهان، بە مەبەستی دیداری ڕاوێژکاری یاسایی تایبەت بە کێشەی یاسایی زەویی کشتوکاڵی جووتیاران و گرفتەکانی بەردەم جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور سەردانی خانەقینیان کرد.

دوای گەیشتنی وەفدی باڵا، دیدارەکە لە هۆڵی شەهید سەلام دەستی پێ کرد و سەرەتا سەرۆکی دەستە باسی لە دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچە کوردستانییەکان و شاری خانەقین کرد.

پاشان هەر یەک لە ئامادەبووانی دیدارەکە کە پێکهاتبوون لە قایمقامی قەزای خانەقین و بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی ئەو ناوچەیە و پارێزەران و نوێنەری جووتیاران و کەسانی شارەزا لە بوارەکەدا، بەپێی شارەزاییان قسە و باسیان لەسەر بابەتەکە کرد و ئەو بەڵگە یاساییانەی لەبەر دەستیان بوو خستیانە بەر دەست وەفدی باڵای دەستەکەمان.

لە کۆتاییشدا سەرۆکی دەستە بەڵێنی پێ دان کۆی ڕاسپاردەی دیدارەکە و بەڵگەکان دەکرێت بە ڕاپۆرتێک و بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم بەرزی دەکەنەوە.