Skip to the content

فەهمی بورهان لەگەڵ نوێنەرانی جوتیارانی کورد و تورکمانی سنوری تۆپزاوە کۆبووەوە

رۆژی سێشەممە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ لە نوێنەرانی جوتیارانی کورد و تورکمانی سنوری تۆپزاوە لە پارێزگای کەرکووک کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکان لەبارەی کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکان و دوا دەرەنجامەکانی ئەو کێشانە لە ناوچەکە کرا و نوێنەرانی جوتیارانی کورد و تورکمان یاداشتێکیان ئاراستەی سەرۆکی دەستە کرد تا ئەو یاداشتە بداتە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان بۆ ئەوەی هەنگاوەکان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان خێراتر بکرێن.

دواتر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی دا سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕایگەیاند :" هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەوی و زار و کۆی ئەو کێشانەی پەیوەستن بە ماددەی ١٤٠ـەوە زۆر سست و لاوازن و بەڵێنەکانیش لە چوارچێوەی قسەکردن تێنەپەڕیون.''

فەهمی بورهان، ئاماژەی بەوەش کرد نوێنەرانی جوتیارانی کورد و تورکمان جگە لە گڵەییان لە حکومەتی فیدراڵ، گڵەییان لە نوێنەرانی خۆشیان هەیە لە بەغدا کە نەیانتوانییوە بە پێی پێویست کێشەکانیان لە بەغدا چارەسەر بکەن.

هەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا نوێنەرانی کورد و تورکمان جەختیان لەیەک دەنگی و یەکگرتوویی هەردوولا کردەوە و داوایان کرد کە دەستور و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ ببێتە بنەما بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکانیان.