Skip to the content

فەهمی بورهان: ئێزیدییەکان به‌رده‌وام ڕووبەڕووی سیاسەتی لەناوبردن و جینۆساید بوونەتەوە

له‌ يادى جينۆسايدى ئێزيدييه‌كاندا، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى گشتيى ناوچه‌ كوردستانييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئيداره‌ى هه‌رێم، په‌يامێكى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌يه‌تى:
ئەمڕۆ ساڵیادی تاوانی جینۆسایدی ئێزیدیيەکانە لە ٣ ی ئابی ٢٠١٤، کە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و دوور لە گشت بەھا مرۆڤایەتیيەکان بە دەستی تیرۆریستانی داعش ئەنجام درا.

بە دڵێکی پڕ پەژارەوە یادی کۆمەڵکوژيی ئێزیدیيەکان دەکەینەوە، کە ئەم یادە بەشێکە لە زنجیرەیەک کۆمەڵکوژيی نەتەوەکەمان، بە درێژاييی سەردەمە جیاجیاکان لە مێژووی کۆن و نوێدا ڕووبەڕوووی بووه‌تەوە، سەرەڕای چەندین تاوانی ديكه‌ کە بە ھەزاران کچ و ژن و منداڵی بێتاوان ڕفێندران و تا ئێستاش چارەنووسیان دیارنیە، و خەڵکێکی زۆری دەڤەرەکە ئاوارەی شارەکانی تری ھەرێمی کوردستان بوون.

ئێزیدیيەکان بە درێژاييی چەندین سەدە ڕووبەڕووی ستەمی دوولایەنە بوونەتەوە، لەلایەک وەک هەر کوردێکی دیکە بەهۆی کوردبوونیانەوە ڕووبەڕووی ستەمی ڕژێمە سیاسیيە یەک لە دوای یەکەکان پەراوێز خراون و ڕاگوێزراون و گوندەکانیان خاپور کراوە، لە چوارچێوەی سیاسەتی به‌عه‌ره‌بكردن، وەک هەر شوێنێکی دیکەی ناوچە کوردستانییەکان.

لەلایەکى ديكه‌وە ئێزیدیيەکان هەمیشە بوونەتە قوربانيی چەوسانەوەی ئایينی و بەهۆی ئەمەشەوە دەیان جار بە کۆمەڵ پاکتاو کراون و کراونەتە قوربانيی دەستی نەزانین. ھەروەھا زیانێکی زۆر بەر موڵک و ماڵ و سامانیان کەوت، و چەندین دێھات خاپوور کران، سەرەڕای ئەو ھەموو ئازار و ناخۆشی و دەربەدەریيەی ئێزیدیيەکان بە درێژایی مێژوو بەسەریاندا ھاتووە، بەڵام ئەوان ھەر بەردەوامن لە بەرگریکردن و پاراستن لە ئایین و ناسنامە و کولتووری ڕەسەنی خۆیان.

ئێمە لە کاتێکدا یادی ئەم ڕۆژە دەکەینەوە بارودۆخی خوشک و برایانی ئێزدی هەر دژوارە و شەنگال و دەوروبەریشی بەلایەنی کەم دەستی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی ڕووی تێ نەکردووە، پێمان وایە پابەندبوون بە بنەمای ڕێکەوتنە هاوبەشەکان، ڕێگه‌ ڕاستەکەی چارەسەربوونی بەشی زۆری کێشەکانە، کە بە داخەوە تا ئێستا حکومەتی فیدراڵ وەک پێویست پابەند نیە و پرسی پابەندنەبوون بە بنەماکانی دەستووریشەوە ڕووبەری گرفتەکانی فراوان تر کردووە.

سەری ڕێز بۆ قوربانیيانی شنگال و سەرجەم شەھیدانی کوردستان دادەنوێنین.
دەستەی گشتيی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم