سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان لەگەڵ بەرپرسی بەشەکان کۆبووەوە
ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەگەڵ بەپرسی بەشەکانی دەستە کۆبووەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا فەهمی بورهان تیشکی خستە سەر ئەو پرسانەی کە لە ماوەی ساڵی ۲۰۲٤، لەلایەن دەستەکەوە ئەنجام دراون، بە تایبەت پرسی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، کێشەی زەویوزاری جوتیارانی کەرکووک و پرسی ماددەی١٤٠ـی دەستووری عێراق.
سەرۆکی دەستە لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەش کرد کە؛ ساڵی ٢٠٢٤ ئەگەرچی دەستکەوتی زۆری هەبوو بۆ دەستەکە، بەڵام ئاستەنگ و ئاڵنگاریی زۆریش هەبوون، خۆشبەختانە دەستە سەرکەوتوو بووە لە تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانە، ئەویش لە ئەنجامی ئەو دیدار و کۆبوونەوانەی کە ساڵی ٢٠٢٤ لە سەردانەکانی بەغدا، نەینەوا، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە ڕەنگی دایەوە.
هاوکات سەرۆکی دەستە دەستخۆشی لەو فەرمانبەرانەش کرد کە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ لە وەزارەتی ناوخۆ، کاریان لەسەر بە ئەلیکترۆنیکردنی تۆمارەکانی ساڵی (١٩٥٧) کرد و سەرکەوتووانە کارەکانیان ئەنجام دا، کە ئەمەش دەستکەوتێکی زۆر گرینگە بۆ دەستەکە.