Skip to the content

فەهمی بۆرهان بەشداری لە سێیەمین کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێم لە دەرەوە کرد

رۆژی پێنجشەممە ۱ـی شوباتی ۲۰۲٤، فەهمی بۆرهان، سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەروەی ئیدارەی هەرێم، بەشداری لە سێیەمین کۆنفرانسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە شاری هەولێر کرد کە ساڵانە بۆ نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێم لە دەرەوە ڕێک دەخرێت.

لە کۆنفرانسەکەدا سەرۆکی دەستە بانگهێشت کرابوو کە تێدا بەشداری لە پانلێکدا کرد و بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.

هاوکات هەر لەچوارچێوەی پانێلەکەدا، سەرۆکی دەستە نەخشەی ناوچە کوردستانییەکانیشی بە تەواوی شار و شارۆچکە و قەزا و ناحیەکانییەوە بۆ ئامادەبووان ڕوون کردەوە و باسی مێژووی ئەو ناوچانەی بۆ کردن.

پاشان سەرۆکی دەستە تیشکی خستە سەر شێوازەکانی تەعریب لەم ناوچانە کە لە ئێستادا تەعریب بەشێوازێکی نوێ ئەنجام دەدرێ.

فەهمی بورهان، باسیشی لەوە کرد کە بڕیارەکانی "سەرکردایەتی شۆڕش" و "کاروباری باکوور"ـی سەردەمی بەعس تاوەکو ئێستا هەڵنەوەشاوەتەوە و کاریشی پێدەکرێت و وتی هەمووی بە دۆکیۆمێنت لەلامانە.

لەلایەکی تر سەرۆکی دەستە باسی لە کێشەی زمانی کوردی لەم ناوچانە کرد و وتی:''هەر جارە و لە وەزارەتێکی حکومەتی فیدراڵییەوە فەرمان بۆ لابردنی زمانی کوردی دەردەکرێت.''

هەر لە پانێلەکەدا، سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئاماژەی بە ڕێکەوتنی شنگاڵ کرد و گوتی:'' بەداخەوە تا ئێستا هیچ یەکێک لە بڕگەکانی ڕێکەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە.''

هەر لەدرێژەی کۆنفرانەسەکە و بە دیاریکراوی لە پانێلەکەدا، فەهمی بورهان، باسی لە گرنگی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا کرد و لەڕووی ڕێژەی بەشداریکردنی کورد لە هەڵبژاردنەکە بۆ ئامادەبووانی ڕوون کردەوە.

گوتیشی، دەبێت سەرکردایەتی کورد ئامادەکاری بکات، تاوەکو بتوانین لە حکومەتی خۆجێیی سنوری کارگێڕی ناوچە کوردستانییەکان کار بکەین.