Skip to the content

لیژنەی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی ژمارە ٢٩ی ساڵی ٢٠١٢ کۆبووەوە

رۆژی دووشەممە ٨ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، بەسەرۆکایەتی فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کۆبوونەوەی دووەمی لیژنەی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی ژمارە ٢٩ی ساڵی ٢٠١٢ بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین گۆڕانکاری و کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کرا کە لە ماوەی ڕابردوودا لەو ناوچانە ڕوویداوە.

دواتر تیشک خرایە سەر ڕاسپاردەی کۆبوونەوەی ڕابردوو کە ئامادەکردنی ڕاپۆرتی بەدواداچوونی نووسینگەکانی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بوو بۆ کێشەی زەوی کشتوکاڵی جووتیارانی ئەو ناوچەیە.

لە کۆتاییدا لیژنە بڕیاریدا بە مەبەستی بەدواداچوونی ئەم بڕیارە سەردانی بەغدا بکات بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە هۆکاری جێبەجێنەکردنی و ئاستەنگەکانی بەردەمی.