Skip to the content

سەرۆکی دەستە پێشوازی لە سەرۆکی پەیمانگەی "مێری" کرد

ڕۆژی چوارشەممە ١٠ـی تەممووزی ٢٠٢٤، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە ئامادەبوونی ڕاوێژکارانی دەستە و بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکان، پێشوازی لە د. دلاوەر عەلائەدین، دامەزرێنەر و سەرۆکی پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە، ناسراو بە (مێری) و خۆگر وریا، توێژەر لە پەیمانگەی ناوبراو کرد.

سەرەتای دیدارەکە پ.د. دلاوەر عەلائەدین، بە شێوەیەکی گشتی باسی کارەکانی (مێری) کرد، پاشان باسی لە هەموو ئەو هەوڵ و کارانەی پەیمانگەی ناوبراو کرد کە لەسەر شنگال ئەنجامی داوە و ساڵانە لە دیدارەکانی (مێری) باسیان لێوە دەکرێت، کە دوای دیدارەکان لێکەوتەی باشی هەبووە و لەڕووی ئەکادیمییەوە توێژینەوەیان لەسەر کراوە.

دواتر سەرۆكی دەستە باسی لە كێشەی ناوچە كوردستانییەكان كرد و بە شێوەیەكی گشتی، بارودۆخی ئەو ناوچانەی خستە ڕوو، بە تایبەت كێشەی زەویوزاری کشتوکاڵیی جوتیارانی ناوچەکە.
هاوکات باس لە هەوڵەكانی دەستە كرا، بۆ چارەسەری ئەو كێشانەی ڕۆژانە ڕووبەڕووی کوردانی ناوچەکە دەبنەوە.

لە كۆتاییدا هەردوولا ئامادەییان نیشان دا، بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی كاری پێكەوەیی ئەنجام بدەن، بە مەبەستی زیاتر خزمەتكردن بەم دۆسیەیە لەسەر ئاستی دەرەوە و ناوخۆ.