Skip to the content

فەهمی بورهان پێشوازی لە نوێنەری ڕێکخراوەکانی ناساندنی جینۆسایدی ئەنفال لە کەرکووک کرد

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ـی تەممووزی ٢٠٢٤، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی عەدالەت عومەر، ڕاوێژکاری دەستە و سەرۆکی فەرمانگەکان، لە دیوانی دەستە پێشوازی لە ژمارەیەک لە نوێنەری ڕێکخراوەکانی ناساندنی جینۆسایدی ئەنفال و کەسانی شارەزا لە سنوری پارێزگەی کەرکووک کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دروستکردنی مۆنۆمێنتی شەهیدانی تۆبزاوا و کێشەی زەویوزاری جوتیارانی ناوچەکە کرا، بە تایبەت بابەتی یاساییی کێشەی زەوی و زاری کشتوکاڵی و موڵکداری، کە پێویستی بە دروستکردنی ژوورێکی هاوبەشی عەمەلیات، لە نێوان ناوچە کوردستانییەکان و حکومەتی فیدڕاڵدا هەیە.

هەروەها باس لە پرسی بەعەرەبکردنی ناوچەکە کرا، کە ٩٣ هەزار خێزانی عەرەب، لە سنووری پارێزگای کەرکووک زیاد کراوە، جگە لەوەش بابەتی مەزهەبییش باس کرا کە گرفتێکی ترە بەرۆکی ئەم ناوچەیەی گرتووە.