Skip to the content

سەرۆکی دەستەى گشتيی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم پێشوازی لە کۆمەڵێک جوتیاری ناوچەی گورزەیی کرد

ڕۆژى چوارشەممە ١٢ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتيی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، پێشوازی لە کۆمەڵێک جوتیاری ناوچەی گورزەیی کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە.

سەرەتا جوتیارانی ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتی هەموو کێشە و گرفتەکانی ناوچەکەیان خستەڕوو، بە تایبەت ناوچەی گورزەیی، کە لەکاتی ئێستادا عەرەبی هاوردە دەستی بەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەم جوتیارانەدا گرتووە و ڕێگرییان لێ دەکەن لە بەکارهێنانی زەوییەکانیان.

دوای گفتوگۆیەکی وردی یاسایی لەگەڵ جوتیاران بەپێی ئەو بەڵگانەی خستبوویانە ڕوو لە کۆبوونەوەکەدا، لەلای خۆیەوە دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم پێى ڕاگه‌ياندن كه‌ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەم ناوچەیە بەگرنگییەوە بەدواداچوون بۆ کێشەی زەوییەکانیان دەکات، بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێت.