Skip to the content

سەرۆکی دەستە لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی فیدراڵ کۆبووەوە

ڕۆژی سێشەممە ٢٨ـی ئایار ٢٠٢٤، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە فەرمانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم و بە سەرۆکایەتیی لیژنەی بەدواداچوونی بڕیاری ژمارە ٢٩ی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ، گەیشتە بەغدا و لەگەڵ عباس جبر الحلیاوی، وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی عێراقی فیدراڵ کۆبووەوە.

شاندی یاوەری پێکهاتبوون لە سامی جەلال، ڕاوێژکار لە وەزارەتی ناوخۆ و تاهیر عەبدوڵا، ڕاوێژکار لە فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون.

سەرەتای کۆبوونەوەکە بە خستنەڕووی کێشە هەنووکەییەکانی ناوچە کوردستانییەکان دەستی پێ کرد، بە تایبەت کێشەی گوندی پەلکانە و کێشەی جوتیارانی ئەم ناوچانە و زەوییە کشتوکاڵییەکان و ڕێگریکردنی جوتیاران لەلایەن سوپاوە، گفتوگۆی چڕی لەسەر کرا .

شایەنی باسە، وەفدەکە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانی زەوی کشتوکاڵی و کێشەی جوتیارانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجام دەدات.