Skip to the content

سەرۆکی دەستەى گشتيى ناوچه‌ كوردستانييه‌كان سەردانی پارێزگه‌ی نەینەوا ده‌كات

ڕۆژى سێشەممە ٣٠ـی نیسانی ٢٠٢٤، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتيی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە یاوەری ڕاوێژکاران و ئەندامانی دەستە، سەردانی پارێزگه‌ی نەینەوای کرد و لەلایەن سیروان ڕۆژبەیانی، جێگری یەکەمی پارێزگار و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگه‌ پێشوازی لێ کرا.

پاشان بە مەبەستی زیاتر خزمەتکردنی ناوچە کوردستانییەکان کە دەکه‌ونه‌ سنووری پارێزگه‌ی نەینەوا، سه‌رۆكى ده‌سته‌ له‌گه‌ڵ عومەر نامیق، جێگری دووەمی پارێزگار بۆ کاروباری تەکنیکی کۆبووەوە.

مەبەستی سه‌ردانه‌كه‌ بۆ ئاگه‌داربوون بوو، لە ڕەوشی ناوچەکە و کێشە و گرفتەکانی ئەم ناوچە کوردستانییانەی کەوتوونەتە سنووری پارێزگه‌ی نەینەوا. لە لایەکی تر دروستکردنی هەماهەنگی بوو لە نێوان دەستەى گشتى و لایەنی پەیوەندیدار لە سنوورەکە، لەپێناو خزمەتکردنی ئەم ناوچانە و کردنەوەی نووسینگەی شەنگالی ماددەی ١٤٠ـی دەستووری هەمیشەیی.

هەموو ئەو لایەنانەی کە سەرۆکی دەستە سەردانی کردن ئامادەیيی تەواویان بۆ خزمەتکردنی ناوچە کوردستانییەکان بە گشتی و سنووری پارێزگه‌ی نەینەوا بە تایبەتی پێشان دا.