Skip to the content

سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە

ڕۆژی دووشەممە ٦ـی ئایاری ٢٠٢٤، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا دوا پێشهاتەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـی دەستوور گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
 
هاوکات جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی؛ کێشەی خاک و کەرکووک، پرسێکی گرنگە و بە ئامانجی گەڕانەوەیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، هەرچی پێویست بێت لە ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە، درێغی بۆ ناکەین.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی حکومەت سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانی جوتیاران لە وەرزی دروێنەدا، سەرۆکی دەستەی ڕاسپارد کە هەوڵەکانیان زیاتر بکەن و ڕێگرییەکانی بەردەم جوتیاران لاببەن، بۆ ئەم مەبەستە هەماهەنگیی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی لە بەغدا بە پێویست زانی و پشتیوانیی حکومەتی بۆ دووپات کردنەوە.