سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان لەگەڵ وەزیری دادی عێراق کۆبووەوە
ڕۆژی سێشەممە ٢٨ـی ئایاری ٢٠٢٤، لە درێژەی سەردانەکانی وەفدی حکومەتی هەرێم، بۆ شاری بەغدا فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لە دیوانی وەزارەتی داد لەگەڵ د. خالید شوانی، وەزیری دادی حکومەتی فیدراڵی کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا د. خالید شوانی، بەوردی تیشکی خستە سەر کۆی ئەو هەوڵانەی کە ئەنجامدراون، بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان، بە تایبەت کێشەی زەویوزاری جوتیاران.
شاندی حکومەتی هەرێمیش لەلایەن خۆیەوە سوپاسی هەوڵەکانی وەزیری دادی عێراقییان کرد و پشتیوانیی حکومەتی هەرێمیان بۆ دووپات کردەوە، پاشان بە هاوبەشی لەگەڵ ناوبراو، ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەیان بۆ دەزگە میدیاییەکان خستەڕوو.