سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان لەگەڵ بەرپرسی بەشی سیاسیی کونسولخانەی ئەمەریکا لە هەولێر کۆبووەوە
ڕۆژی سێشەممە ٥ـی تشرینی دووەمی ۲۰۲٤، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە ئامادەبوونی ڕاوێژکارانی دەستە و سەرۆکی فەرمانگەی ناوچە کوردستانییەکان لەگەڵ ئۆدرێ کیرەنین، بەرپرسی بەشی سیاسیی کونسولخانەی ئەمەریکا کۆبووەوە.
مەبەستی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی پرسی سەرژمێریی گشتی و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ماددەی ۱٤۰ـی دەستووری و کێشەی زەویوزاری کشتوکاڵی لە ناوچە کوردستانییەکان.
سەرۆکی دەستە باسی لە هەماهەنگیی کونسولخانەی ئەمەریکا کرد، کە لە ماوەکانی ڕابردوودا لەگەڵ دەستەکەیان ئەنجامی داوە. دواتر بە شێوەیەکی گشتی باسی لە نیگەرانییەکانی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی کرد، ئەگەر هاتوو پرۆسەکە بۆ مەرامی سیاسی، بەرانبەر بە کورد بەکار بهێنرێت.
سەبارەت بە جێبەجێکردنی ماددەی ۱٤۰ی دەستووری، سەرۆکی دەستە باسی لە هەنگاوەکان کرد و گوتی: پرۆسەکە زۆر لەسەرخۆیە و داواشمان کردووە خێراتر بکرێت، چونکە ماددەیەکی دەستوورییە و بە جێبەجێکردنی کێشەی زۆر لە ناوچە کوردستانییەکان چارەسەر دەکات.
هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکوو ئەو ماددە دەستوورییە جێبەجێ نەکرێت، پرۆسەی سەرژمێریی لەو ناوچانە تەندروست نابێت. هەروەها سەرۆکی دەستە ڕایگەیاند: ئێمە لە دەستەکەمان چاومان لەسەر ئەو ناوچانەیە، بە گشتی خاکمان بەلاوە گرنگە.
پاشان فەهمی بورهان بە شێوەیەکی گشتی باسی لە کێشەی زەویوزاری کشتوکاڵیی جوتیارانی کورد کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە لە سەردەمی حکومەتی بەعس بەزۆر لە خاوەنە ڕەسەنەکانیان وەرگیراوە و دراوە بە عەرەبی هاوردە.
لە کۆتاییدا سەرۆکی دەستە ئامادەییی تەواوی دەستەی نیشان دا کە هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ کونسولخانەی ئەمەریکا بکەن.
لای خۆیەوە بەرپرسی بەشی سیاسی لە کونسولخانەی ئەمەریکا ڕایگەیاند؛ بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە، جێبەجێکردنی پرسی مادەی ١٤٠ گرنگە، خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ هەماهەنگی نێوان هەردوولا دەربڕی و چەند پێشنیازێکی کرد تاوەکوو بۆ کاری داهاتوو لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئەنجام بدرێت.