Skip to the content

فەهمی بورهان: پێویستە سەرژمێریی گشتی بە مەبەستی دیاریکردنی ڕێژەی دانیشتووان بێت

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ بریجیت سفینسون، لە ڕۆژنامەی "فیلد "ی ئەڵمانی سەبارەت بە سەرژمێریی گشتی لە عێراق ئەنجام دا.

سەرۆکی دەستە تیشکی خستە سەر پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی عێراق، کە بڕیارە لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ بکرێ و  ئاماژەی بەوە دا کە؛ پرۆسەکە مەترسی لەسەر ناوچە کوردستانییەکان بەگشتی و کەرکووک بەتایبەتی  هەیە، بەهۆی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە لەلایەن عەرەبی هاوردە لە دوای ساڵی ٢٠١٧ و نەگەڕانەوەی ئاوارە ئێزیدییەکانی شەنگال بۆ زێدی ڕەسەنی خۆیان.

هاوکات  ئاماژەی بەوەدا؛ دەبێت ئەم سەرژمێرییە بۆ مەبەستە سەرەکییەکەی خۆی بکرێت، کە ئەویش دیاریکردنی ڕێژەی دانیشتووان و خزمەتکردن بێت، چونکە  بە درێژاییی ساڵانی ڕابردوو حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق سەرژمێریی گشتییان بۆ مەبەستی سیاسی بەکار هێناوە، هەروەها بە مەبەستی دەرکردن و ڕاگواستنی کورد لە ناوچە کوردنشینەکان و بە عەرەبکردن بووە لە شوێنی ڕەسەنی خۆیان.

سەرۆکی دەستە ڕۆڵی سەرکردایەتیی کورد و سەرکۆماری پێشووتری عێراق "جەلال تاڵەبانی" لە هەوڵەکانیان بۆ عێراقێکی دیموکراسی و دەستووری لە ئیدارەی دەوڵەت بەرز نرخاند، بۆیە لە ئێستادا پێویستە هەنگاوەکانی حکومەتی عێراقی هەر لەو چوارچێوە دەستوورییەدا بێت و نیگەرانییەکانی حکومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستان لەبەرچاو بگرێت، هەروەها گوتی؛ ئێمە دژی سەرژمێری نین و بە پێویستی دەزانین، بەڵام جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان لەم قۆناغەدا گرنگترن لە ئەنجامدانی سەرژمێری.