سیمینارێک لهبارەی میکانیزمەکانی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی گەلە ڕەسەنەکانی عێراق پێشکەش کرا

لە درێژەی ئەو زنجیرە سیمینارانەى کە لە پرۆژەی هاندانی فەرمانبەرانی دەستەی گشتيی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامیان دەدات، ڕۆژى سێشەممە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٥، به ئامادهبوونى سەرۆکی دەستە، ڕاوێژکاران، سەرۆکی فەرمانگەکان و گشت فەرمانبەرانى دەستەى گشتيى ناوچه كوردستانييهكانى دهرهوهى ئيدارهى ههرێم، میرزا حهسهن دنایی، ڕاوێژکاری دەستە، سيمينارێكى لەژێر ناونیشانی "میکانیزمەکانی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی گەلە ڕەسەنەکانی عێراق" پێشکەش کرد.
سەرەتا د. میرزا گەلی ڕەسەنی ناساند بەوەی کە ژمارەیان ٤٧٦ ملیۆن کەسە لە ٩٠ وڵاتی جیاوازدا، عێراق یەکێکە لەم وڵاتانە. هەروەها باسی لەوە کرد لە کۆبوونەوەی گشتی لە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٠٧ بەیاننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مافەکانی گەلانی ڕەسەن پەسەند کرا.
دواتر بە کورتی باسی لە مێژووی عێراق کرد و تیشکی خستە سەر بڕیاری ٦٨٨، کە تایبەتە بە پاراستنی خاک، کولتوور، زمانی گەلە ڕەسەنەکان و دژایەتیکردنی شەڕ و توندوتیژی بەرانبەریان، هەروەها باسی لەم ڕێککەوتننامانە کرد کە تایبەتە بە ماف و بەرژەوەندییەکانی ئەو گەلانە.
دواتر بە وردی چەمکی گەلانی ڕەسەن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی شیکردەوە و باسی لە دەقەکانی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، سەبارەت بە گەلانی ڕەسەن و گشت مافەکانی ئەو گەلانە کرد. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد پێویستە یاسای نیشتمانی لەگەڵ ڕێکخستنی نێودەوڵەتيی مافەکانی گەلانی ڕەسەندا یەکبگرێتەوە و هاوتەریب بێت لەگەڵ پێشهاتە نێودەوڵەتییەکان لە بواری پاراستنی مافەکانی ئەو گەلانەدا. هەروەها گوتی: ئەو ئامرازانەی کە یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی مافەکانی گەلانی ڕەسەن دامەزراون بۆ دابینکردنی ئەو جۆرە پارێزگارییە، پێویستە پاڵپشتیيان لێ بکرێت و بە تەواوی جێبەجێ بکرێن.
لە تەوەرێکی ديكهى سیمینارەکەدا ناوبراو تیشکی خستەسەر ئەوەی پێویستە میکانیزمەکانی پاراستنی مافەکانی گەلانی ڕەسەن بۆ ڕاگرتنی دەوڵەتەکان لە ئەگەری پێشێلکردنی مافەکانیان، یان لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی ئەرکەکانیان بۆ ڕێگریکردن و سەرکوتکردنی پێشێلکارانی ئەو مافانە دابین بکەن.