Skip to the content

پەیامی فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە یانزەیەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدیەکان

بە دڵێکی پڕ پەژارەوە، یادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان دەکەینەوە، کە ئەم یادە بەشێکە لە زنجیرەیەک کۆمەڵکوژی نەتەوەکەمان، بە درێژایی سەردەمە جیاجیاکان لە مێژووی کۆن و نوێدا ڕووبەڕووی بۆتەوە.
سەرەڕای چەندین تاوانی تر کە بە هەزاران کچ و ژن و منداڵی بێگوناح و ستەملێکراو ڕفێنران و تا ئێستاش چارەنووسیان دیار نییە و خەڵکێکی زۆری دەڤەرەکە ئاوارەی شارەکانی تری هەرێمی کوردستان بوون
.
ئێزدییەکان بە درێژایی چەندین سەدە ڕووبەڕووی ستەمی دوولایەنە بوونەتەوە، لە لایەک وەک هەر کوردێکی دیکە بەهۆی کوردبوونیانەوە ڕووبەڕووی ستەمی ڕژێمە سیاسییە یەک لەدوای یەکەکان پەراوێزخراون و ڕاگوێزراون و گوندەکانیان خاپوور کراوە لە چوارچێوەی سیاسەتی تەعریبدا وەک هەر شوێنێکی دیکەی ناوچە کوردستانییەکان.
لە لایەکی ترەوە ئێزدییەکان هەمیشە بوونەتە قوربانی چەوسانەوەی ئایینی و بەهۆی ئەمەشەوە دەیان جار بەکۆمەڵ پاکتاو کراون و کراونەتە قوربانی دەستی نەزانین.
هەروەها، زەرەر و زیانێکی زۆر بەر موڵک و ماڵ و سامانیان کەوت و چەندین دێهات خاپوور کران. سەرەڕای ئەو هەموو ئازار و ناخۆشی و دەربەدەرییەی ئێزدییەکان بە درێژایی مێژوو بەسەریاندا هاتووە، بەڵام ئەوان هەر بەردەوامن لە بەرگریکردن و پاراستن لە ئایین و ناسنامە و کولتووری ڕەسەنی خۆیان.
ئێمە لە کاتێکدا یادی ئەم ڕۆژە دەکەینەوە کە بارودۆخی خوشک و برایانی ئێزدیی هەر دژوارە و شنگال و دەوروبەریشی بە لایەنی کەم دەستی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی ڕووی تێ نەکردووە، پێمان وایە پابەندبوون بە بنەمای ڕێکەوتنە هاوبەشەکان ڕێگا ڕاستەکەی چارەسەربوونی بەشی زۆری کێشەکانە کە بەداخەوە، تا ئێستا حکومەتی فیدڕاڵ وەک پێویست پابەند نییە و پرسی پابەندنەبوون بە بنەماکانی دەستووریشەوە ڕووبەری گرفتەکانی فراوان تر کردووە.
لە ساڵیادی جینۆسایدی شنگال دا، سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی شنگال و گشت شەهیدانی کوردستان.


دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم