Skip to the content

سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک کۆبووەوە

ڕۆژی سێشەممە ١٨ی شوباتی ٢٠٢٥، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەبارەی کێشەی جوتیارانی دەڤەرەکە، لەگەڵ ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک کۆبووەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا پارێزگاری کەرکووک دواهەوڵەکانی خۆی بۆ چارەسەری کێشەکە و ئەنجامی گفتوگۆکانی لەگەڵ نوێنەری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕال خستە ڕوو. لای خۆیەوە سەرۆکی دەستە پشتیوانیی لە هەر هەوڵێک کرد، کە بۆ جوتیارانی ناوچەکە دەدرێت و جەختی لەوە کردەوە چیتر ڕێگە بە هاتنەناوەوەی سوپا نەدرێت لە کاروباری جوتیاران و ئەم هەنگاوەی سوپای بە نادەستووری لەقەڵەم دا و ڕایگەیاند؛ دیدی ڕوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی مافە ڕەواکانی جوتیارانە و ئەم دۆخەش جێگەی نیگەرانیمانە، بە هیواین دواهەمین یاسای بڕیارلێدراوی پەرلەمانی عێراق دوای تەواوبوونی ڕێکارەکانی، هیچ گرفتێک لە جێبەجێکردنی دروست نەکرێت.