Skip to the content

سەرۆکی دەستەى گشتيى ناوچه‌ كوردستانييه‌كان لەگەڵ وەفدێکی باڵیۆزخانەی ئەمه‌ریکا لە عێراق کۆبووه‌وه‌

ڕۆژى سێشەممە ٧ى كانوونى دووه‌مى ٢٠٢٥، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتيی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، به‌ ئاماده‌بوونى ڕاوێژکارانی دەستە عەدالەت عومه‌ر و دکتۆر میرزا، سەبارەت بە دۆخی ئێستای ناوچە کوردستانییەکانى ده‌ره‌وه‌ى ئيداره‌ى هه‌رێم بە گشتی و کێشەی زەویوزاری جوتیاران و هەوڵەکانی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ڕژێمی پێشوو، لەگەڵ هەر یەک لە ویلیام ماککوی، بەرپرسی سیاسی لە باڵیۆزخانەی ئەمه‌ریکا لە بەغدا و ئۆدری کێرانین، بەرپرسی سیاسی لە کونسوڵخانەی گشتيی ئه‌و وڵاته‌ لە هەولێر كۆبووه‌وه‌.
سەرۆکی دەستەى گشتيى ناوچه‌ كوردستانييه‌كان لە کۆبوونەوەکەدا بەوردی کێشەکانی ئه‌و ناوچانەی خستەڕوو و گوتى: ئێمه‌ باوەڕمان بە گفتوگۆیە و دەبێت ئەم بابەتەش لەگەڵ حکومەتی عێراق لە ڕێگەی گفتوگۆوه‌ چارەسەر بکرێت، لە هەمانکاتدا دەستوور ببێتە بنەمای چارەسەری ئەم کێشانە لە ناوچەکەدا، چونکە دەستووری عێراق بۆ هەموو گەلانی عێراقە.
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆی هاوبەش بوو لەسەر پرسی سەرژمێری و هەنگاوەکانی داهاتووی هەرێم و بەغدا لەسەر ئەنجامەکانی سەرژمێری، لە کۆبونەوەکەدا بەڕێزان عەدالەت عمر و دکتۆر میرزا ڕاوێژکارانی دەستە ئامادەی کۆبونەوەکە بوون.