ڕاگەیەندراوێک لە دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لە بڕیارەکانی سەرکردایەتیی شۆڕشی لەناوچووی بەعس دەرکرد و سەرئەنجام دوای زیاتر لە نیو سەدە، زەویوزاری ناوچەکە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانیان گەڕایەوە.
ئەم هەنگاوە دەرئەنجامی هەوڵی هاوبەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم کاربەدەست و وەزیر و پەرلەمانتارانی کوردستانە لە بەغدا. ئێمەش لە دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان پێمانوایە ئامانجێکی گەورەمان بەدیهات کە ماوەیەکی زۆرە تەواوی هەوڵەکانمان لە هەولێر و بەغدا بۆی تەرخان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا پێمانوایە ئەم هەنگاوە گیانی کاری پێکەوەیی نێوان پێکهاتەکانی عێراق قوڵتر و ڕووبەری متمانەی نێوان لایەنە سیاسییەکان فراوانتر دەکات.
بەم بۆنەیەوە پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی تەواوی خەڵکی کوردستان بەگشتی و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەتایبەتی دەکەین، بە ئومێدەوە چاوەڕێی هەوڵ و کۆششی زیاترین تا بەدیهاتنی تەواوی مافەکانی خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا، لەپێش هەمووشیانەوە جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستووری هەمیشەییی عێراق.
دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم