بە قەزاکردنی شارەدێی قەرەتەپە لە دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم تاووتوێ کرا

بە سەرپەرشتیی فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی دەستە، لە دیوانی دەستە لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی هەریەک لە ڕاوێژکارانی دەستە و سەرۆکی فەرمانگەکان و بەڕێوەبەری نوسینگەی دەستە بەڕێوەچوو.
سەرۆکی دەستە لە کۆبوونەوەکەدا، تیشکی خستە سەر پرسی سەرژمێریی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٤، هەروەها پرسی بە قەزابوونی شارەدێی "قەرەتەپە"ـی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی دەستە تاووتوێ کرد.
کۆبوونەوەکە چەند تەوەرێکی گرنگی لەخۆگرتبوو؛ یەکێک لەم تەوەرانە بابەتی دەرئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی عێڕاق بۆ ساڵی ٢٠٢٤ و بەراوردکردنی بە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ بوو.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، بابەتی بە قەزاکردنی شارەدێی (ناحیە)ی قەرەتەپە تاووتوێ کرا؛ کە لە سنووری ناوچە کوردستانییەکانە، بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ لەم بارەیەوە نوسراوێکمان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کە کۆمەڵێک بەڵگەنامە و دیکۆمێنت لەگەڵیدا هاوپێچ کراوە، وە لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەمە دراوە کە پێچەوانەی ماددەی ١٤٠ی دەستوورە، هەروەها کاریگەری و لێکەوتی لەسەر دیمۆگرافیای ناوچەکە دەبێت.