Skip to the content

دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم: بڕیاری قەدەغەکردنی زمانی کوردی پێشهاتێکی مەترسیدارە

بڕیاری قەدەغەکردنی زمانی کوردی و ڕێگریکردن لە خوێندکاران و قوتابیان کە بەزمانی کوردی وەڵامی تاقیکردنەوەکان بدەنەوە، جگە لەوەی پێشێلی ڕوونی ماددەی چواری دەستووری عێراقە، لە هەمان کاتدا پێشهاتێکی مەترسیدارە و بەلامانەوە جێی پرسیارە کە وەزارەتێکی وەک وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقی و بە نووسراوی فەرمی و بە ڕۆژی ڕووناک بڕیارێکی لەم جۆرە دەردەکات، ئەگەرچی ئەم کارە نوێ نیە و ساڵانە ئەم گرفتەیان بۆ فێرخوازانمان لە ناوچە کوردستانییەکان دروست کردووە.
بەڵام ئەوەی ئەم جارە ڕووبەری گرفتەکەی فراوانتر کردووە نووسراوی فەرمییە بۆ ئەم هەنگاوە دژ بە دەستوورە، ئێمە لە دەستەی گشتیی کوردستانییەکان، سەرباری ڕەتکردنەوەی هەر هەنگاوێک کە پێچەوانەی دەستوور بێت، لە هەمان کاتدا ڕایدەگەیەنین کە حکومەتی عێراق لە کەمتر لە دوو مانگدا لە ناوچە کوردستانییەکان دوو بڕیاری نادەستووریی پیادە کردووە، لە هێنانەکایەی قەزای قەرەتەپە و ئەم بڕیارە نوێیەیان، ئەم هەنگاوانە مەترسیدارن و گومان لەسەر حکومەتی عێراق زیاتر دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکان و پێچەوانەی ئەو بنەما هاوبەشانەشە کە حکومەتی ئێستای عێراقی لەسەر بینا کراوە، بۆیە داوا دەکەین لە نوێنەرانمان لە بەغدا هەر لە سەرۆکی کۆمار و وەزیر و ئەندامانی پەرلەمان، هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بە ئامانجی چارەسەرکردنی ئەم گرفتانە و دەسەڵاتی یاسای و دەستووریی خۆیان پیادە بکەن لەپێناوی پاراستنی گیانی هاوبەشی لە ناوچە کوردستانییەکان و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور.

دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم