گرفتەکانی بەردەم جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور گفتوگۆی لەبارەیەوە کرا

بەمەبەستی تاووتوێکردنی ماددەی ١٤٠ و هەوڵەکانی چارەسەرکردن لەسەر بنەمای دەستووری، فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان، لەگەڵ هەر یەک لە د.شێرکۆ کرمانج، لێکۆڵەری سیاسی، خەبات عەبدوڵڵا، نووسەر و لێکۆڵەر، نیزام فەیسەڵ، مافپەروەر، محەممەد ئەمین، نوێنەری جوتیاران لە ناوچەکەدا، کۆ بووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا بەشێوەیەکی گشتیی تاووتوێی کێشە و گرفتەکانی ناوچە کوردستانییەکانیان کرد؛ بەتایبەت ئەو کێشانەی کە ڕێگرن لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێڕاق و هەوڵەکانی چارەسەرکردن لەسەر بنەمای دەستووری، باسکران.
سەرۆکی دەستە، داوای لێیان کرد گرنگییەکی زۆر بدەن بەو بابەتە، لە ڕێگەی توێژینەوەی ئەکادیمی و وتارەکانیان و خستنەڕووی سەرچاوەی گونجاو بە کێشەکە؛ بۆ ئەوەی بتوانرێت بە هەوڵی هەموو لایەکەوە ئەم کێشانە هەنگاو بە هەنگاو لەم ناوچانەدا بەرەو چاسەری بچێت.