Skip to the content

سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەگەڵ کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە

ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، پێشوازی لە ئەندرۆ بیزلی، کونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی کونسولخانەی ئەو وڵاتە کرد.

سەرەتای کۆبوونەوەکە، فەهمی بورهان باسی لە کار و چالاکییەکانی دەستە بۆ ئامادەبووان کرد، کە چۆن لە چوارچێوەی دەستووری عێراقی کاردەکەن لە ناوچە کوردستانییەکان. دواتر گفتوگۆ لەبارەی ماددەی ١٤٠ی دەستوور کرا، کە تاکە ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە، هەروەها تیشک خرایە سەر ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی ئەم ماددە دەستوورییە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی دەستە ڕایگەیاند؛ کێشەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ زۆرن، بەڵام حکومەتی فیدراڵ زۆر پابەند نییە بە جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییەکان. کێشەی زەویوزاری جوتیاران و کێشەی زمان و کێشەی پێکەوەژیان، ئەمانە کێشەگەلێکن دەکرێت لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەییی عێراق چارەسەر بکرێن.

کونسولی گشتیی بەریتانیا دووپاتی لە گرنگی و بەردەوامیی پەیوەندییەکانی کونسولخانەکە لەگەڵ دەستە کردەوە، بە مەبەستی کاری پێکەوەیی و هەوڵدانی بەردەوام تا بتوانن لە چارەسەرکردنی کێشەکان بەشدار بن.