Skip to the content

ڕاگەیەنراوێک لە دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم

دوای دەرچوونی نوسراوی ژمارە (٨٢٩٨) لە (١٦/ ٧/ ٢٠٢٥)ی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، کە ڕێگری دەکات لە وەڵامدانەوەی خوێندکاران و قوتابییان بە زمانی کوردی لە تاقیکردنەوەکان، دوای هەوڵەکان ڕاگەیەندرا کە کێشەکە چارەسەر کراوە، بەڵام بەداخەوە ئەو کێشەیە پێشێلكردنێكى ڕوونی ماددەی چواری دەستووری عێراقە، هێشتا چارەسەر نەکراوە و ڕێگرییەکان وەک خۆیان ماون، بەتایبەتی بۆ فێرخوازانى بەشی یاسا و ئەو وانانەی کە تاقیکردنەوەی وەزارین؛ بۆیە دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە هەوڵدان به‌رده‌وامه‌ بۆ ئەوەی ماددەی چواری دەستوور و کێشەی قوتابییان چارەسەر بکرێت و ئاریشەکانی بەردەم زمانی کوردی وەک دووەم گەورەترین زمانی بەکارهاتوو لاببردرێن.

لە هەمانکاتدا داوا لە کاربەدەستان لە بەغدا کراوە کە هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە، بۆ ئەوەی دەرفەت بدرێت خوێندکاران بە زمانی شیرینی دایک وەڵام بدەنەوە و وەرگێڕی پێویستیش بۆ ڕوونکردنەوەی وانەکان دابین بکرێت.

لەکاتی دەرچوونی بڕیارەکە دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕایگەیاند کە: "بڕیار پێویستە بەبڕیار هەڵبوەشێتەوە نەک بە گفتوگۆی زارەکی، عێراق و دەستوورەکەی موڵکی گەلانی عێراقە، لەم چوارچێوەیەشدا مافی ڕەوای خەڵکی کوردستانە شەڕی زەوتکردنی مافە دەستوورییەکانی لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکاندا ئەنجام بدات؛ بێگومان لە بەردەوامی ئەم کێشەیە و پابەند نەبوون بە ماددەی چواری دەستوور و پێشێلکردنی، ڕێگای دادگای فیدراڵی دەگرینە بەر".

دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم