دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئێزدییەکان دەدات
ڕۆژی دووشەممە، ٩ی شوباتی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ئەندامانی ئەنجوومەنی دەستە، بە هەماهەنگیی لەگەڵ کۆمیسیۆنی ڕزگارکردنی نێودەوڵەتی (IRC)، ڕێکخراوی ماڵی پێکەوەژیان (HOC)، ۆورکشۆپێکی تایبەت بە کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان بەڕێوە چوو؛ کە هەر یەکە لە نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان تێیدا بەشدار بوون.
سەرەتای دانیشتنەکه بە گفتوگۆکردن لەبارەی کێشەی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان و چۆنیەتیی چارەسەرکردنیان دەستی پێکرد؛ کە تیشک خرایە سەر کێشە و گرفتەکانیان و ئەو هەوڵانەی لە ئاران بۆ چارەسەرکردنیان.
سهرۆكى دهسته، دڵنیایی بە کەسوکاری ئێزدییەکان دا کە وەکو دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گشت توانایەکەوە پاڵپشتيی لەم بابەتە و تەواوی کێشەی ئێزدییەکان دەکەن، بۆ گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتییان و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.
هەر لە دانیشتنەکەدا، سەرۆکی دەستە پێشنیازی کرد، گشت سەرەنج و پێشنیازەکان دەربارەی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان وەک یاداشتێک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرزبکرێنەوە. هاوکات تیشکی خستە سەر ئەوەی کە حکومەتی فیدراڵ کەیسی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکانی بە سیاسی کردووە.
دواتر دەرگای گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان کرایەوە، هەمووان سەرج و تێبینییەکانیان خستە ڕوو، دەستخۆشیشیان لە دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان کرد، کە هەمیشە پاڵپشت و هەماهەنگ بوونە لە گشت کێشەکان لەو ناوچانەدا، بە تایبەت کەیسی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان.
هەر لە درێژەی دانیشتنەکەدا، چەندین پێشنیاز خرانە ڕوو، گرنگترینیان ئەم خاڵانە بوون:
- حکومەتی عێراق مافی قوربانیانی کۆمەڵکوژیی (خانەسوور)، بەهەمان شێوەی شەهیدانی عێراق هەژمار بکات.
- نوێنەری شەهیدان و ئەنفالی هەرێم لەگەڵ پزیشکی دادی بەغدا بۆ بابەتی هەڵگرتن و پاراستنی گۆڕی بە کۆمەڵ هەماهەنگی بکرێ.
- لە ساڵی ٢٠١٧ لەسەر ئاستی وەزارەتی شەهیدان لێکتێگەیشتنی کاری بە کۆمەڵەیی لەگەڵ بەغدا هەبوو کە گۆڕە بە کۆمەڵەکان هەڵبدەنەوە، پێشنیاز بکرێ ئەو تیمە چالاک بکرێتەوە.