Skip to the content

بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری پەیوەندیەکان و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی ئابی ٢٠٢٥، بەختیار حاجی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری پەیوەندیەکان و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و لە لایەن بەڕێوەبەری گشتیی زەوی و زار، د.ئیبراهیم ڕەمەزان، پێشوازی لێکرا.

لە میانی دیدارەکەدا، باس لە ڕێوشوێنی بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی زەوی و زار لە هەرێمی کوردستان و هاوتا فیدراڵیەکەی کرا؛ لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و پەرەپێدانی کاروباری جوتیاران، وەبەرهێنەران و بەڕێوەبەرایەتییە کشتوکاڵییەکان.

هه ردوولا، جەختیان لەوە کردەوە که کێشەکانی زەوی و پڕۆژەکان به هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوولا چارەسەر دەبن و ڕێکاره پێویستەکانیش به دیکۆمێنت کراون بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشتر به جوتیارانی کوردستان.

هەروەها جەختیان لە بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندی و هاوکاریی نێوان هەردوولا سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی نووسراوەکان و بەدواداچوونی نێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکانی بەرژەوەندیی هاوبەش کردەوە.

لەکۆتاییی دیدارەکەدا، د.ئیبراهیم ڕەمەزان، ڕۆڵی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە بەغدا بەرز نرخاند، لە نزیککردنەوەی تێڕوانینەکانی بەغدا و هەولێر.